لە بەریتانیا داوادەکرێت بەخشینی سپێرم دوای مردن رێگەپێدراوبێت
رووداو- هەولێر
پزیشکانی زانکۆی لێستەر لە بەریتانیا رادەگەیێنن دەبێت رێگەبدرێت پیاوان دوای مردنیان تۆوەکانیان ببەخشن.
توێژینەوەیەکی نوێ کە لەلایەن پزیشکانی بەریتانی ئەنجامدراوە دەریخستووە، وەک هەر ئەندامێکی دیکە کە دەکرێت دوای مردن ببەخشرێت، سپێرمی پیاویش دەتوانرێت دوای مردنی بە کەسێکی دیکە ببەخشرێت و پێویستە لە رووی ئەتەکێتی پزیشکییەوە ئەمە قبوڵبکرێت.
د. ناتان هۆدسن، پزیشکی پسپۆڕی کۆمەڵگە و یەکێک لە بەشداربووانی توێژینەوەکە دەڵێت، "ئەگەر لەرووی پزیشکییەوە رێگەپێدراو بێت کە خەڵکی دوای مردنیان خانە و ئەندامەکانی خۆیان ببەخشن بۆ رزگارکردنی ژیانی کەسانێکی دیکە، کەواتە ئێمە هیچ رێگریەکمان نابێت لە بەخشینی سپێرم و رزگارکردنی ئەوانەی نەزۆکن."
پزیشکە پسپۆڕەکەی کۆمەڵگە روونیدەکاتەوە، کۆکردنەوەی سپێرم تەنانەت دوای 48 کاژێر لە مردنی پیاوەکەش، توانای پیتاندانی هێلکە و سەرەنجام دووگیانبوونی هەیە.
لە توێژینەوەکەدا هاتووە دەتوانرێت بە چەند رێگەیەک دوای مردن سپێرمی پیاوەکە کۆبکرێتەوە یەکێک لەوانیش بریتییە لە ئەنجامدانی نەشتەرگەری.