زانکۆی زانست لە نەرویج: قەڵەوی و کیسی هێلکەدان کێشە بۆ کۆرپەلە دروستدەکەن
رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی زانکۆی زانست و تەکنەلۆژیای نەرویج ئاشکرای دەکات، ئەو خانمانەی تووشبووی نەخۆشیی کیسی هێلکەدانن و قەڵەون منداڵەکانیان بە کێش و باڵای ئاسایی لە دایک نابن.
لە توێژینەوەکەدا هاتووە، کۆرپەی ئەو دایکانەی قەڵەون و تووشبووی نەخۆشیی کیسی هێلکەدانن، کێشیان کەمترە و باڵایان کورتترە بەراورد بە کۆرپەی ئەو خانمانەی هیچ نەخۆشیێکیان نییە و کێشیان ئاساییە.
پرۆفیسۆر ئێستەر ڤانکی، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت، ''قەڵەوی بارگرانیێکی زیاتر دەخاتە سەر ئەو دایکانەی کیسی هێلکەدانیان هەیە و دەبێت خانمان لەم بابەتە هۆشیاربن."
بە گوێرەی ناوەندی کلیڤلاندی پزیشکی، کیسی هێلکەدان کێشەیەکی بەربڵاوی نێو خانمانە و نیشانە باوەکانی بریتین لە ناڕێکی سوڕی مانگانە، بەرزبوونەوەی ئاستی هۆرمۆنی نێرینە و دروستبوونی کیسی بچووک لەسەر هێلکەدان.