توێژینەوەیەک: ئەسپرین ئەگەری هەیە تووشبوون بە چەند جۆرێکی شێرپەنجە کەم بکاتەوە
رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی نوێ ئاماژە بەوەدەکات، خواردنی بڕێکی کەم لە دەرمانی ئەسپرین بە شێوەیەکی رۆژانە، رەنگە ببێتە هۆی کەمکردنەوەی مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجە و رێگری لە بڵاوبوونەوەی گرێ شێرپەنجەییەکان لەنێو جەستەدا بکات.
توێژینەوەکە لەلایەن زانکۆی نیوکاسڵ لە بەریتانیا ئەنجامدراوە و دەرکەوتووە ئەو کەسانەی بۆ ماوەی دوو ساڵ رۆژانە ئەسپرینیان خواردووە، مەترسیی تووشبوونیان بە شێرپەنجەی کۆڵۆن بە رێژەی 50% کەمبووەتەوە، هەروەها دەرکەوتووە وەرگرتنی بڕێکی کەمیش کە (75-100 میلیگرام) بێت هەمان کاریگەرییان هەیە.
پێشتر دەزانرا ئەسپرین خوێن شل دەکاتەوە و بۆ پاراستنی دڵ باشە، بەڵام ئێستا زانایان دەڵێن بە دوو رێگە دژی شێرپەنجە کاردەکات، یەکەمیان؛ ئەنزیمێک لە جەستەدا دەوەستێنێت کە دەبێتە هۆی گەشەی نائاسایی خانەکان کە لە کاتی شێرپەنجەدا روودەدات. دووەمیان لێکۆڵینەوەیەکی نوێی زانکۆی کامبریج دەڵێت، خانە شێرپەنجەییەکان ماددەیەک بەکاردەهێنن وەک "پەردە" بۆ ئەوەی خۆیان لە بەرگریی جەستە بشارنەوە، ئەسپرین ئەم پەردەیە لادەبات و وادەکات جەستە خانە شێرپەنجەییەکان ببینێت و لەناویان ببات.
بەگوێرەی توێژینەوەکە، ئێستا وڵاتانی وەک بەریتانیا و سوێد رێنماییە پزیشکییەکانیان گۆڕیوە و ئەسپرین وەک هێڵی یەکەمی پاراستن بۆ ئەو کەسانە بەکاردەهێنن کە مەترسیی بۆماوەیی تووشبوون بە شێرپەنجەی کۆڵۆنیان هەیە، چونکە دەرمانەکە رێگری لە گەشەی نائاسایی خانەکان دەکات.
پڕۆفیسۆر جۆن بێرن، پسپۆڕی جیناتی کلینیکی لە زانکۆی نیوکاسڵ و سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە گوتی، "ئەو کەسانەی لەنێو توێژینەوەکەدا بۆ ماوەی دوو ساڵ ئەسپرینیان خواردووە، بۆ ماوەی 10 ساڵ بەبێ تووشبوون بە شێرپەنجە ماونەتەوە، ئەمەش دەریدەخات کە ئەم دەرمانە کۆنە دەتوانێت گۆڕانکاریی گەورە لە پاراستنی تەندروستیدا بکات."
پڕۆفیسۆر جۆن بێرن دەڵێت "ئەسپرین یارمەتی سیستمی بەرگریی جەستە دەدات بۆ ئەوەی خانە شێرپەنجەییەکان بناسێتەوە و لەناویان ببات، بەڵام پێویستە ئەمە تەنیا لەژێر چاودێریی پزیشکدا بێت، چونکە خواردنی ئەسپرین بەبێ راوێژ لەوانەیە ببێتە هۆی خوێنبەربوونی نێوخۆیی، جەڵتەی مێشک یان برینی گەدە."