زانکۆی تێکساس: حەبی ئۆرفۆرگلیپرۆن لە ماوەی 18 مانگ 10% کێش دادەبەزێنێت

رووداو - تەندروستی

توێژینەوەیەک لە ئەمریکا دەریخستووە، حەبێک کە نرخەکەی هەرزانترە و بەکارهێنانی ئاسانترە لە دەرمانەکانی ئێستای کێش دابەزاندن، یارمەتیی  دابەزاندنی کێش دەدات.
 
توێژینەوەکەی زانکۆی تەکساس لە ئەمریکا ئاشکرای دەکات، حەبی ئۆرفۆرگلیپرۆن (orforglipron) کە لەلایەن کۆمپانیای ئەمریکیی ئیلی لیلی (Eli Lilly) پەرەی پێدراوە لە ماوەی نزیکەی 18 مانگدا نزیکەی 10%ی کێشی لەش دادەبەزێنێت.
 
توێژینەوە ئەمریکییەکە لەسەر زیاتر لە 1,500 کەس لە 10 وڵاتی جیاواز کراوە بەشداربووان دوای 72 هەفتە نزیکەی 10%ی کێشی لەشیان لەدەستداوە، لەکاتێکدا ئەو کەسانەی حەبی بێ کاریگەرییان (placebo) خواردووە، تەنیا 2%ی کێشیان دابەزیوە
 
د. دێبۆرا هۆرن، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە لە زانکۆی تەکساس رایگەیاند: "جێگەی دڵخۆشییە کە حەبێک هەبێت بە نرخێکی گونجاو کێشی لەش بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزێنێت"
 
د. دێبۆرا هۆرن ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر ئۆرفۆرگلیپرۆن لەلایەن دەستەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکاوە پەسەند بکرێت، ئەوە لەساڵی 2026 لە بازاڕەکان بەردەست دەبێت
 
بەپێی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، لە ساڵی 2021ـدا زیاتر لە 3.7 ملیۆن کەس لە سەرانسەری جیهاندا بەهۆی نەخۆشییەکانی پەیوەست بە قەڵەوی و کێشی زیادەوە گیانیان لەدەستداوە.