مەرگی کتوپڕی ئەستێرەکەی ناسکار؛ کایڵ بوش لە دوا پێشبڕکێیدا و لە ناو ئۆتۆمبێلەکەیەوە داوای هاوکاریی پزیشکی کردووە

رووداو - تەندروستی

کایڵ بوش، ئەستێرەی ناوداری پێشبڕکێکانی ناسکار، لە تەمەنی 41 ساڵیدا بە شێوەیەکی کتوپڕ کۆچی دوایی کرد و تا ئێستاش هۆکاری مردنی ئەو شۆفێرە مێژووییە رانەگەیەندراوە، بەڵام بڵاوبوونەوەی تۆمارێکی دەنگیی دواساتەکانی لە ناو ئۆتۆمبێلەکەیەوە هەمووانی تووشی شۆک کردووە. لە گرتەیەکی ڤیدیۆیی پێشبڕکێی واتکینز گلێن کە لە 10ی ئایاردا ئەنجامدرا، بوش لە ڕێگەی رادیۆوە پەیوەندی بە تیمەکەیەوە دەکات و داوای هاوکاری پزیشکی بەپەلە دەکات و دەڵێت پێویستە بە زووترین کات دکتۆر بیڵ هایزڵ ببینێت چونکە دوای پێشبڕکێکە پێویستی بە لێدانی دەرزی هەیە.
 
بەپێی زانیارییەکان، بوش بەدەست هەوکردنی توندی گیرفانە هەواییەکان (ساینەس) و سەرمابوونێکی توندەوە ناڵاندوویەتی، کە بەهۆی فشاری هێزی کێشکردن (G-forces) لە کاتی پێشبڕکێدا دۆخی تەندروستیی خراپتر بووە.
 
بوش تەنیا 5 رۆژ پێش مردنی لە چاوپێکەوتنێکی میدیاییدا باسی لەوە کردبوو کە هێشتا بەدەست کۆکەیەکی توندەوە دەناڵێنێت و تەندروستی باش نییە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش توانی 69ـەمین سەرکەوتنی مێژوویی خۆی لە کاروانی وەرزشیدا تۆمار بکات و تەنیا 6 رۆژ دوای ئەو سەرکەوتنە گەورەیە، هەواڵی مردنی ڕاگەیەندرا.