رووداو - تەندروستی
بۆ یەکەمجار لە پارێزگای هەڵەبجە، نەشتەرگەریی لابردنی گورچیلە لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شارەکە بە سەرکەوتوویی ئەنجامدرا.
ئەمڕۆ سێشەممە 23-9-2025 د. ئارام کەریم، پسپۆڕی گورچیلە و میزەڵدان و بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی هەڵەبجە بە رووداوی راگەیاند، "نەشتەرگەریی لابردنی گورچیلە بە یەکێک لە نەشتەرگەرییە سەروو گەورە و ئاڵۆزەکان دادەنرێت، کە پێویستی بە تیمی پزیشکیی شارەزا و راهێنراو هەیە."
سەبارەت بە کەرەستە و ئامێرە پزیشکییەکان، د. ئارام کەریم گوتی، "ئێمە ئامێری پێشکەوتوو و پێویستمان نییە بۆ ئەنجامدانی ئەم جۆرە نەشتەرگەرییانە، داوامان کردووە ئامێری پێویستمان بۆ دابین بکرێت، بەڵام تاکو ئێستا دابین نەکراوە."
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی هەڵەبجە ئاماژەی بەوەشکرد، سەرەڕای ئاستەنگەکان، توانیویانە نەشتەرگەرییەکە بە سەرکەوتوویی ئەنجام بدەن و گوتی، "سوپاس بۆ خوا، ئێستا نەخۆشەکە باری تەندروستیی جێگیرە و گەڕاوەتەوە سەر ژیانی ئاسایی خۆی."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ