پیاوێک بەهۆی زۆرخواردنی سرکەی سێوەوە تووشی دەردێکی کوشندە بوو

23-09-2025
بڕوا فەرهاد
A+ A-
رووداو - تەندروستی

پیاوێکی تەمەن 60 ساڵ لە فەڵەستین دوای خواردنەوەی رۆژانەی سرکەی سێو بۆ ماوەی چوار ساڵ، تووشی زیانێکی مەترسیداری جگەر بوو و گەیەندرایە نەخۆشخانە.
 
بەپێی زانیارییەکان، پیاوەکە بە بەردەوامی و بۆ ماوەی چوار ساڵ سرکەی سێوی بەکارهێناوە بەو باوەڕەی کە یارمەتیی دابەزاندنی چەوریی خوێن و چارەسەری چەوریی جگەری دەدات. دواجار بەهۆی دەرکەوتنی نیشانەکانی وەک زەردوویی و ئازاری سکەوە، رەوانەی نەخۆشخانە کرا و لە پشکنینەکاندا دەرکەوت جگەری تووشی زیانێکی توند بووە.
 
تیمی پزیشکانی چارەسەرکار لە فەڵەستین، دوای ئەنجامدانی پشکنینی ورد و دڵنیابوونەوە لە نەبوونی هۆکارە باوەکانی دیکەی نەخۆشیی جگەر، گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە زیانەکە راستەوخۆ پەیوەندیی بە خواردنەوەی زیادەڕۆیی لە سرکەی سێوەکەوە هەیە. 
 
باری تەندروستیی نەخۆشەکە دوای وازهێنانی لە خواردنەوەی سرکەکە و وەرگرتنی چارەسەری پێویست، بەرەو باشبوون چووە. پزیشکان هۆشدارییەکی توندیان بڵاوکردەوە و جەختیان کردەوە کە پێویستە هاووڵاتییان بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ چارەسەرە "سروشتییەکان"دا بکەن و بەبێ راوێژی پزیشکی بەکاریان نەهێنن.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە