توێژینەوەیەک: ئەو کەسانەی بە دەنگی کز تووڕە دەبن، زووتر تووشی دڵەڕاوکێ دەبن
رووداو - تەندروستی
ئەگەر دەنگی جوین، قرتاندن، قوملێدان، باوێشک، خشەی پێ، فیکەلێدان یان تەنانەت هەناسەدانیش تووڕە و بێزارت دەکات، رەنگە تۆ تووشبووی مایسۆفۆنیا بووبیت.
بەپێی توێژینەوەیەک لە هۆڵەندا، ئەو کەسانەی ئەم حاڵەتەیان هەیە، رەنگە لەڕووی بۆماوەییەوە زیاتر ئامادەییان تێدابێت بۆ تووشبوون بە دڵەڕاوکێ، خەمۆکی، زەبری دەروونیی دوای رووداوەکان (PTSD) و زرینگانەوەی گوێ.
دیرک سمیت، پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە بواری بۆماوەزانیی دەروونی، لە سەنتەری پزیشکیی زانکۆی ئەمستەردام و سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە، رایگەیاند: مایسۆفۆنیا پەیوەندیی بە 'هەڵچوون'ـەوە هەیە، کە کاتێک دەنگە بێزارکەرەکە دەبیستیت، تووڕە و هەڵدەچیت، کە رەنگە دواتر ببێتە هۆی خۆدوورخستنەوە و هەستکردن بە تاوان."
تیمەکەی سمیت پشتیان بە داتای 80 هەزار کەس بەستووە، دەرکەوتووە، ئەو کەسانەی مایسۆفۆنیایان هەیە زیاتر ئەگەری تووشبوونیان بە حاڵەتەکانی وەک PTSD، دڵەڕاوکێی تووند، خەمۆکیی قووڵ و زرینگانەوەی هەیە.
بەپێی خەمڵاندنەکان، لەنێوان 5٪ بۆ 20٪ـی دانیشتووان ئەم حاڵەتەیان هەیە، هەرچەندە پێدەچێت ژمارەکە زیاتر بێت چونکە زۆرجار حاڵەتەکە وەک پێویست دەستنیشان ناکرێت.
مایسۆفۆنیا، بریتییە لە حاڵەتێکی درێژخایەن کە تێیدا هەندێک دەنگی دیاریکراو کاردانەوەی نەرێنیی بەهێز (وەک تووڕەیی و ترس) لای کەسەکە دروستدەکەن و کاریگەری لەسەر ژیانی رۆژانە و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی دادەنێن.