توێژینەوەیەک: خوێندکارانی پزیشکیی دهۆک لەبارەی سیستمی نوێی خوێندن بۆچوونی جیاوازیان هەیە

23-09-2025
بڕوا فەرهاد
A+ A-
رووداو - تەندروستی

لە چوارەمین کۆنفرانسی رۆڵی زانکۆکان لە پارێزگای دهۆک، مامۆستایەکی زانکۆ توێژینەوەیەکی لەبارەی گۆڕینی سیستمی خوێندنی کۆلێژی پزیشکییەوە پێشکێشکرد و رایگەیاند، خوێندکارانی قۆناخەکانی دووەم و سێیەم سیستەمە نوێیەکەیان پێباشە، بەڵام خوێندکارانی قۆناخەکانی چوارەم و پێنجەم پێیان خراپە.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 23-9-2025 د. گوڵستان ئەحمەد، مامۆستای زانکۆ، لە میانی کۆنفرانسەکەدا بە رووداوی راگەیاند، "توێژینەوەکە دەربارەی تاقیکردنەوە و رێگەکانی و پەیڕەوی زانکۆیە. کە ساڵی 2018ـەوە سیستمی کۆلێژی پزیشکیمان لە شێوازە تەقلیدییەکەوە بۆ شێوازێکی نوێ گۆڕاوە."
 
بە گوتەی د. گوڵستان ئەحمەد، لە توێژینەوەکەدا 380 خوێندکار، 145 مامۆستای زانکۆ، پزیشکی نەخۆشخانە و ئەندامانی سەندیکا بەشدارییان کردووە.
 
لەبارەی ئەنجامەکانەوە، ئەو مامۆستایەی زانکۆ گوتی، "بۆمان دەرکەوت دوای شەش ساڵ لە جێبەجێکردنی ئەو سیستمە نوێیە، خوێندکارانی قۆناخی دووەم و سێیەم سیستمەکەیان زۆر پێباشبوو، بەڵام خوێندکارانی قۆناخی چوار و پێنج پێیانخراپ بوو."
 
سەرەڕای ئەو جیاوازییە لە بۆچوونی خوێندکاراندا، گوڵستان ئەحمەد ئاماژەی بەوەکرد، "بەگوێرەی توێژینەوەکەی ئێمە، ئەنجامەکان بە گشتی زۆر باشبوون و لە داهاتوودا لە هۆکاری جیاوازیی بۆچوونی خوێندکاران دەکۆڵینەوە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە