پزیشکێکی کورد هەڵەیەکی زانستی لە کتێبێکی بەنێوبانگی پزیشکیی جیهانی راست دەکاتەوە

رووداو - تەندروستی

پزیشکێکی گەنجی دەرچووی کۆلێژی پزیشکیی گشتیی هەولێر، هەڵەیەکی زانستی لە یەکێک لە گرنگترین کتێبەکانی بواری پزیشکیی فریاکەوتن راست کردەوە و دەستەی نووسەرانی کتێبەکەش دان بە هەڵەکەدا دەنێن و بڕیاری راستکردنەوەی دەدەن.
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 23-9-2025، دکتۆر سەرمەد گۆران، تازەدەرچووی کۆلێژی پزیشکیی گشتیی زانکۆی هەولێری پزیشکی، لە بووڵتەنی تەندروستییدا رایگەیاند، لەکاتی خوێندنەوەی چاپی 10ی کتێبی بەناوبانگی (Rosen’s Emergency Medicine) کە سەرچاوەیەکی سەرەکیی پزیشکیی فریاکەوتنە لە جیهاندا، هەڵەیەکی زانستیی تێدا دەستنیشان کردووە.
 
دکتۆر سەرمەد گۆران رایگەیاند، "ئەمە یەکەم جار نییە هەڵەی زانستی لە کتێبە پزیشکییەکاندا دەدۆزمەوە''. گوتیشی، "زانستی ئەکادیمی و زانکۆکانی هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی زۆر باشدان، کە دەتوانن بەو شێوازە هەڵە لە کتێبەکان بدۆزنەوە."
 
ئەو پزیشکە گەنجە ئاماژەی بەوەشکرد، "سەرەڕای بەربەستەکان لەبەردەم کەرتی تەندروستی، پزیشکانی کورد لە پێشکەوتندان و هەمیشە لەدوای نوێگەرین، چونکە زانستی پزیشکی هەمیشە لە گۆڕانکاریدایە و ئامانجمان پێشکەشکردنی باشترین خزمەتە بە هاونیشتمانییان."
 
لەلایەن خۆیەوە، پڕۆفیسۆر دکتۆر ماریان گاوش، جێگری سەرنووسەری کتێبی Rosen's Emergency Medicine، دەستخۆشی لە دکتۆر سەرمەد کرد و رایگەیاند، "پێزانینمان بۆ هەر کەسێک هەیە کە هەڵەیەک لە کتێبەکەمان دەستنیشان بکات. چەندین جار پێداچوونەوەمان بۆ کردووە، بەڵام دکتۆر سەرمەد توانی بیدۆزێتەوە."
 
پڕۆفیسۆر گاوش، لەبارەی میکانیزمی راستکردنەوەی هەڵەکە گوتی، "ئێمە رێکار و پێداچوونەوەی تایبەتمان هەیە. دوای پێداچوونەوە زانیمان هەڵەکە راستە و راستمانکردەوە. ئێمە زۆر بە هۆشیارییەوە هەوڵدەدەین بۆ ئەوەی هەموو شتێک دروست بێت و گروپێکی تایبەتمان هەیە کە دڵنیایی دەدات لە راستیی کتێبەکە."
 
جێگری سەرنووسەری کتێبەکە ئاماژەی بەوەشکرد کە پێشتر سەردانی هەولێری کردووە و دەڵێت، "هەولێر شوێنێکی زۆر خۆشە، خەڵکەکەی زۆر باشن و خێزانەکانیان خۆشدەوێت."