لە هەڵەبجە تیمێکی بیانی راهێنان بە پەرستارانی نەخۆشخانەی منداڵبوون دەکات

رووداو - تەندروستی

لە نەخۆشخانەی منداڵبوون و منداڵانی هەڵەبجە، تیمێکی پسپۆڕی بیانی دەستیان بە پێدانی راهێنان کردووە بە سەرجەم پەرستارانی نەخۆشخانەکە، بەمەبەستی گەشەپێدانی تواناکانیان و ئاشناکردنیان بە نوێترین زانست و رێنماییەکانی بواری چاودێریی دایک و کۆرپە.
 
د. هودا ئەحمەد، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵبوون و منداڵانی هەڵەبجە، رایگەیاند، "ساڵانە دوو بۆ سێ جار خولی لەم شێوەیە دەکەینەوە بۆ زیاتر گەشەپێدان و ئاگاداربوونی کارمەندان لە زانستی نوێ."
 
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە، ئامانجی راهێنانەکەی روونکردەوە و گوتی، "مەبەستی راهێنانەکە دوو بەشە، یەکێکیان لەبارەی فریاگوزاریی سەرەتاییە بۆ کۆرپەی تازە لەدایکبوو، هەروەها ئەگەر منداڵەکە پێویستی بە بەشی چاودێریی وردی منداڵانی نەبەکام هەبێت، چۆن چاودێری دەکرێت."
 
د. هودا ئەحمەد، ئاماژەی بەوەشکرد، "بەشێکی دیکەی راهێنانەکە تایبەتە بە چۆنیەتیی چاودێریی تەواوەتیی خانمانی دووگیان، چۆن خانمان رابهێنرێن لەدوای منداڵبوون شیری خۆیان بە منداڵەکانیان بدەن یان ئەگەر تووشی خوێنبەربوون بوون چۆن مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت."
 
د. هودا ئەحمەد گوتی، بەشێک لە رێنماییەکان ئەوەیە کە پەرستاران زانیاری بە خێزانەکان بدەن لەبارەی چۆنیەتیی چاودێریکردنی دایکان لە رووی تەندروستیی جەستەیی و دەروونییەوە.