هەموو زانیارییەک لەبارەی کڵینیکی ئەنتیتۆباکۆ بۆ وازهێنان لە جگەرە و نێرگەلەکێشان
رووداو- هەولێر
کڵینیکی ئەنتیتۆباکۆ بەشێکە لە کەمپەینی فراوانی ئەنتیتۆباکۆی تۆڕی میدیایی رووداو، یەکەم کڵینیکی زانستی تایبەتە بۆ وازهێنان لە جگەرە و نێرگەلەکێشان، بۆ یەکەمجار لە سەرتاسەری عێراق، کڵینیکێكی لەمشێوەیە لە شاری هەولێر لەلایەن رێكخراوی ئاڤی کرایەوە.
چۆن سەردانی کڵینیکی ئەنتیتۆباکۆ دەکەیت؟
کەسێك کە ناوی لە فۆڕمی ئەنتیتۆباکۆ تۆماردەکات، راستەوخۆ بەشێوەی لەدوای یەک لەلایەن ستافی کڵینیکەکەوە پەیوەندی پێوەدەکرێت و کاتی سەردانیکردنی بۆ دیاریدەکرێت، یاخود کەسەکە دەتوانێت راستەوخۆ سەردانی کڵینیک بکات لە کاژێر 10:00ی بەیانی بۆ 19:00ی ئێوارە.
ناونیشانی کڵینیکی ئەنتیتۆباکۆ:
کڵینیکی ئەنتیتۆباکۆ لە هەولێر- گوندی ئیتاڵی یەک لەسەر شەقامی 100 مەتری، ڤێللای ژمارە 239
ژمارەی مۆبایلی کڵینیکی ئەنتیتۆباکۆ:
07505014242
فۆڕمی ئەنتیتۆباکۆ بۆ ناوتۆمارکردن لە کەمپەینەکە
https://www.rudaw.net/sorani/forms/anti-tobacco
لە کڵینیکی ئەنتیتۆباکۆ چی دەکرێت؟
تیمێكی پزیشكی کە زیاتر لە 20 پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو و کۆئەندامی هەناسە، پزیشكانی دەروونی، پزیشكانی شارەزا و راهێندراو بۆ وازهێنان لە جگەرە و نێرگەلەکێشان لەخۆدەگرێت، سەرپەرشتی کڵینیکەکە دەکەن و چارەسەری پزیشكی و دەروونی بۆ بەشداربووان دەکەن.
پزیشكان لە کڵینیکی ئەنتیتۆباکۆ، دوای هەڵسەنگاندن و پشکنینی بەشداربووان، ئەنجامدانی سەرجەم پشکنینە پێویستەکانی خوێن و پشکنینی نیشانە زیندەگییەکان، قسە لەگەڵ بەشداربووەکە دەکەن، راهێنانی دەروونی بۆ دەکەن و ئەو کەسانەی پێویستییان بە چارەسەرە، دەرمانە جیاوازەکانیان لەشێوەی بنێشت، حەب و لەزگە بۆ دەنووسرێت و شێوازی بەکارهێنانیان بۆ رووندەکرێتەوە، لە 5 سەردانیکردندا لەماوەی 12 هەفتە کەسەکە لە جگەرە و نێرگەلەکێشان دووردەکەوێتەوە و بەتەواوی وازدەهێنێت.
کەمپەینی ئەنتیتۆباکۆ چییە؟
ئەنتیتۆباکۆ کەمپەینێكی فراوانی تۆڕی میدیایی رووداوە بۆ وازهێنان لە جگەرە، نێرگەلە و جگەرەی ئەلیکترۆنی، ئامانجی کەمپەینەکە دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی بێ دووکەڵە، کە هاونیشتمانییانی جگەرە و نێرگەلەنەکێشن، یان ئەوانەی جگەرە و نێرگەلەکێشن، لەڕێگەی کەمپەینەکەوە وازبهێنن.
ساڵی یەکەم
ئەنتیتۆباکۆ بۆ یەکەمجار لە 31-5ی 2017 کە دەکاتە رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی جگەرەکێشان دەستیپێكرد، لە ساڵی یەکەمدا زیاتر لە 3500 کەس وازیان لە جگەرە و نێرگەلە هێنا، زیاتر لە 100 کەس خەڵاتی جیاوازیان بەسەردا دابەشکرا، ئەمە جگە لەوەی هەموو بەشداربووان براوەی تەندروستیی و سەلامەتی خۆیان بوون.
ساڵی دووەم
کەمپەینی ئەنتیتۆباکۆ لە ساڵی دووەمیدا بەشێوەیەکی فراوانتر دەستیپێكردەوە، زیاتر لە 9000 کەس ناویان تۆمارکرد، بەشداربوون و وازیان لە جگەرەکێشان هێنا، چەندین قۆناخی ناوتۆمارکردن، هەڵسەنگاندن، پشكنین و خەڵاتکردنی بەشداربووان کۆتایی هات، لەکۆتایی پرۆژەکە براوەی یەکەم بە تیروپشک ئۆتۆمبێلێكی گرانبەهای کیلۆمەتر سفری بردەوە.
ساڵی سێیەم
ئەمساڵ کەمپەینی ئەنتیتۆباکۆ لە ساڵی سێیەمیدا تەواو جیاوازە، جگە لەوەی کەمپەینێكی فراوان دەستیپێكردووە و تەنیا لە چەند مانگی سەرەتای کەمپەینەکە زیاتر لە 15 هەزار کەس بەشدارییان کردووە و ناویان بۆ وازهێنان لە جگەرە، نێرگەلە و جگەرەی ئەلیکترۆنی تۆمارکردووە، جیاوازی کەمپەینی ئەمساڵ لەوەیە کە کڵینیکێكی تایبەت بە وازهێنان لە جگەرە و نێرگەلەکێشان کراوەتەوە و لەڕووی پزیشكی و دەروونییەوە چارەسەری بەشداربووان لەلایەن تیمێكی پزیشكییەوە دەکات.
خەڵاتی ئەمساڵ
خەڵاتی ئەمساڵی پرۆژەی ئەنتیتۆباکۆ ئۆتۆمبێلێكی مۆدێڵ بەرزی گرانبەهایە، لەلایەن کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم کە سپۆنسەری سەرەکی کەمپەینی ئەنتیتۆباکۆیە دابینکراوە.