لە ساڵێکدا نزیکەی 20 هەزار منداڵ لە کرماشان لەدایکبوون

 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری تۆماری گشتیی پارێزگای کرماشان ئاماری لەدایکبوونی یەک ساڵی پارێزگاکەی بڵاوکردەوە.
 
مەنسوور عەزیزی، بەڕێوەبەری تۆماری گشتیی پارێزگای کرماشان رایگەیاند: "لە 21-03-2025 تاوەکو 21-03-2026 واتە لە ساڵێکدا 19 هەزار و 898 منداڵ لە پارێزگای کرماشان لەدایکبوون کە 10 هەزار و 624 منداڵیان کوڕ و 9 هەزار و 274 منداڵەکەی دیکەیان کچ بوون".
 
مەنسوور عەزیزی گوتی، هەر لەو ماوەیەدا 11 هەزار و 690 گرێبەستی هاوژینی و چوار هەزار و 770 جیابوونەوە لە پارێزگاکە تۆمارکراون.
 
بە گوتەی مەنسوور عەزیزی، لەو ماوەیەدا رۆژانە تێکڕا 32 گرێبەستی هاوژینی لە پارێزگاکە تۆمارکراون.
 
بەڕێوەبەری تۆماری گشتیی پارێزگای کرماشان ئاماژەی بەوەشکرد، لەو ماوەیەدا 13 هەزار و 577 مردن لەو پارێزگایە تۆمارکراون کە حەوت هەزار و 796 کەسیان پیاو و پێنج هەزار و 781 کەسیشیان ژن بوون.
 
مەنسوور عەزیزی ئاماژەی بەوەشکرد، لەو ماوەیەدا لە بەرانبەر هەر یەک گیانلەدەستدان 1.5 لەدایکبوون تۆمارکراوە.
 
مەنسوور عەزیزی گوتی، شیکردنەوەی ئەم ئامارانە دەتوانێت رۆڵێکی گرنگ لە پلاندانانی کۆمەڵایەتی، ئابووری و تەندروستی پارێزگاکەدا بگێڕێ.
 
بەپێی دوایین ئامار، دانیشتووانی کرماشان دوو ملیۆن و 80 هەزار و 761 کەسە.