لە ئوسترالیا پرۆگرامێکی راهێنان گەنجانی ئۆتیزم بۆ ژیانی پیشەیی ئامادە دەکات
رووداو - تەندروستی
لە ئوسترالیا، پرۆگرامێکی راهێنان یارمەتیی ئەو نەوجەوانانە دەدات کە ئۆتیزمیان هەیە.
لە ئوسترالیا لەڕیگەی پرۆگرامێکی تایبەتەوە یارمەتی منداڵانی ئۆتیزم دەدرێت بۆ ئەوەی بۆ ژیان و کار ئامادەیان بکات، ئەم دەستپێشخەرییە گەنجانی تەمەن 13 بۆ 18 ساڵ دەکاتە ئامانج و ئەزموونی کردارییان لە بواری زیرەکیی دەستکرددا پێدەدات، کە یارمەتیدەرە بۆ فێربوون، دۆزینەوەی دەرفەتی کار و بەهێزکردنی کاراماییە کۆمەڵایەتییەکانیان.
بێن میلبۆرن، لە گرووپی توێژینەوەی ئۆتیزمی کێرتن، دەڵێت، "لەم رێگەیەوە، متمانەبەخۆبوونیان زیاد دەکات. کارامایی و زانیاری لەبارەی چۆنیەتیی بەکارهێنانی ئەم سیستەمانە لە بارودۆخی جیاوازدا بەدەستدەهێنن."
راهێنانی منداڵانی ئۆتیزم چەندین سوودی هەیە لەوانە:
بەهێزکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان
باشتر دەربڕینی هەستەکان
زیادکردنی متمانەبەخۆبوون و کەمکردنەوەی دڵەڕاوکێ.
ئامانجی سەرەکیی ئەم راهێنانانە ئەوەیە کە ئەم گەنجانە لە داهاتوودا بتوانن کاری گونجاو بدۆزنەوە و زیاتر پشت بە خۆیان ببەستن.
دیا ماریناکۆس، یەکێک لە بەشداربووانی پرۆگرامەکە، دەڵێت، "ئەوان دەزانن من چەند حەزم لە بەکارهێنانی پڕۆگرامی پایسۆن و زیرەکیی دەستکردە. من بەڕاستی چێژم لێ وەرگرت، چاوم بە زۆر هاوڕێی نوێ کەوت و کاتێکی خۆشم بەسەربرد."
لە ئوسترالیا، نزیکەی 230 هەزار منداڵی ئۆتیزم هەن، کە دەکاتە 1.1%ـی دانیشتووان. ئەم بەرزبوونەوەیەش بەهۆی باشتربوونی ئامرازەکانی دەستنیشانکردنەوەیە. حکومەتی فیدراڵیی ئوسترالیا لە رێگەی یەکەمین ستراتیژیی نیشتمانیی ئۆتیزمەوە، کار لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکانی وەک ماوەی درێژی چاوەڕوانیی کلینیکی و چاکسازیی گەورە لە پلانی نیشتمانیی بیمەی کەمئەندامی (NDIS) دەکات.