زانکۆی نیوکاسڵ: بەکارهێنانی دژەخۆر نابێتە هۆی شێرپەنجە
رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەک لە زانکۆی نیوکاسڵ لە بەریتانیا، ئەو بانگەشانە رەتدەکاتەوە کە لەسەر دژەخۆر هەن و ئاشکرای دەکات، بەکارهێنانی دژەخۆر نابێتە هۆی شێرپەنجە، بەڵکو بەکارنەهێنانی هۆکاری سەرەکیی تووشبوونە بە شێرپەنجە.
پرۆفیسۆر برایان دیفی، پسپۆڕی تیشک و سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە لە زانکۆی نیوکاسڵ، جەخت لەوە دەکاتەوە، زۆرێک لەو بانگەشانە، لەسەر بنەمای لێکدانەوەی هەڵەی توێژینەوەیەکی ساڵی 2019ی دەزگای خۆراک و دەرمانی ئەمریکی (FDA)" بڵاو بوونەتەوە.
پرۆفیسۆر برایان روونی دەکاتەوە: "ئەو توێژینەوەیە بۆ ئەوە بوو کە بزانرێت ئایا هەندێک لە پێکهاتە کیمیاییەکانی دژەخۆر لە رێگەی پێستەوە دەچنە ناو خوێنەوە یان نا، بەڵام توێژینەوەکە هەرگیز ئەوەی نەسەلماندووە کە مادەکان زیانبەخش بن و تەنانەت نووسەرانی توێژینەوەکە خۆیان جەختیان لەوە کردووەتەوە کە نابێت خەڵک واز لە بەکارهێنانی دژەخۆر بهێنن.
دکتۆر کلێر نایت، لە رێکخراوی توێژینەوەی شێرپەنجەی بەریتانیا دەڵێت: تیشکی سەروو وەنەوشەیی (UV) هۆکاری سەرەکیی شێرپەنجەی پێستە، کە یەکێکە لە باوترین جۆرەکانی شێرپەنجە لە جیهاندا، وە بەکارهێنانی دژەخۆر رێگری لێدەکات.
دکتۆر کلێر ئاشکرای دەکات، تیشکی خۆر بە تێکشکاندنی کۆلاجین و زیانگەیاندن بە DNAیخانەکان، دەبێتە هۆی پیربوونی پێشوەختە و شێرپەنجەی پێست.
هاوکات، پرۆفیسۆر ئەنتۆنی یۆنگ ئەو بانگەشەیە بە تەواوی رەتدەکاتەوە کە گوایە دژەخۆر شێرپەنجە دروست دەکات و جەخت دەکاتەوە کە تیشکی UVی خۆر هۆکاری سەرەکیی نزیکەی هەموو جۆرەکانی شێرپەنجەی پێستە.