رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی نەخۆشییە دەروونییەکان رایدەگەیێنێت، بەراورد بە ساڵانی رابردوو، رێژەی تووشبوون بە نەخۆشییە دەروونییەکان بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، بەتایبەتی لەنێو گەنجان و نەوجەواناندا، هۆکارەکەشی بۆ گوشاری دەروونی، کێشە خێزانی و کاریگەریی خراپی سۆشیال میدیا دەگەڕێنێتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 24-9-2025، د. فەهمی عەلی، پسپۆڕی نەخۆشییە دەروونییەکان لە بووڵتەنی تەندروستییدا رایگەیاند، "نەخۆشییە دەروونییەکان لەو چەند ساڵەی رابردوودا زۆر زیادی کردووە و وای لێهاتووە ئەم سەدەیە بە سەدەی نەخۆشییە دەروونییەکان ناو ببرێت."
د. فەهمی عەلی، ئاماژەی بەوەشکرد، گەنجان و نەوجەوانان بەهۆی هەستیاریی قۆناخەکەیانەوە زیاتر بەرکەوتەی نەخۆشییە دەروونییەکانن و گوتی، "گوشاری دەروونی، ژینگەی خێزان, بارودۆخی کۆمەڵایەتی و سیستمی بەڕێوەبردنی وڵاتان وایکردووە گەنجان و نەوجەوانان تووشی نەخۆشییە دەروونییەکان بن."
هەروەها، پسپۆڕەکەی نەخۆشییە دەروونییەکان کاریگەریی خراپی میدیا و سۆشیال میدیای لەسەر تەندروستیی گەنجان خستەڕوو و گوتیشی، "شێوازی ژیانی ناتەندروستی گەنجان، وەک کەمبوونەوەی جووڵە و خراپیی خۆراک و خەو، هۆکارێکی دیکەی کێشە دەروونییەکانە."
لە کۆتاییدا، د. فەهمی عەلی، پەیامێکی ئاراستەی گەنجان کرد و رایگەیاند، "جیهان و نیشتمان هی گەنجانن، بۆیە پێویستە هەمیشە ئامادەبن بۆ هەر بەرپرسیارێتییەک و بەو چاوەوە سەیری خۆیان بکەن کە ئەوان پاشای سەرزەوین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ