ئەو راستییانەی لەبارەی جگەرە نەتزانیون
رووداو- هەولێر
جگەرەکێشان گرفتێکی گەورەیی جیهانییە، زیانەکانی جگەرەکێشانیش زۆر دەمێکە بەشێوەی زانستی سەلمێندراون، سەڕەرای ئەو زیان و گۆڕانکارییانەی بەسەر جەستەی جگەرەکێشەکاندا دێن، بەڵکو دوكەڵی جگەرە بۆ ئەو کەسانەش مەترسیدارە کە جگەرە ناکێشن، رێکخراوی تەندروستی جیهانی دەڵێت، ئەگەر رێگە لەم گرفتە نەگرن و چارەسەری نەکەن، ساڵانە ژمارەیەکی زۆری خەڵکی بە کاریگەرییەکانی جگەرەوە دەمرن.
ئەمانە چەند راستییەکن لەبارەی جگەرەکێشان:
•بەگوێرەی ئامارەکانی تەندروستی جیهانی، ئێستا لە جیهاندا 1.1 ملیار جگەرەکێش هەن و پێشبینی دەکرێت تاوەکو ساڵی 2025 ژمارەکە بەرزببێتەوە و بگاتە 1.6 ملیار کەس.
•ساڵانە حەوت ملیۆن کەس بەهۆی جگەرەوە دەمرن، بەوپێیەی تەندروستی جیهانی دەڵێت، لە هەر پێنج چرکەیەکدا کەسێک بەهۆی کاریگەرییەکانی جگەرەوە دەمرێت.
•ئەو کەسانەی جگەرەدەکێشن تێکڕایی تەمەنیان 13 ساڵ کەمتردەبێتەوە، بەراورد بە کەسێک کە جگەرەناکێشێت.
•جگە لە شێرپەنجەی سییەکان، جگەرەکێشان هۆکاری هەریەکە لە شێرپەنجەکانی میزڵدان، خوێن، مڵی منداڵدان، کۆڵۆن، سورێنچک، گورچیلە، قورگ، جگەر و گەدەیە.
•زۆربەی جگەرەکێشەکان لە وڵاتە هەژار و داهات مامناوەندەکانن.
•لە جیهاندا لە هەر خولەکێکدا 10 ملیۆن جگەرە دەکڕدرێت.
•زیاتر لە 4000 ماددەی کیمیایی لەنێو جگەرەدا هەن، 250یان زیانبەخشن و 50یان تووشکەری شێرپەنجەن.
•ساڵانە لە جیهاندا 890 هەزار کەس بەهۆی دوکەڵی جگەرەوە دەمرن.
•جگەرەکێشان یەکێکە لە هۆکارە دیارەکانی لاوازبوونی توانای سێکسی لە پیاواندا.
•نزیکەی %69 جگەرەکێشەکان دەیانەوێت واز لە جگەرەکێشان بهێنن.
•نزیکەی سێیەکی جگەرەکێشەکانی جیهانی چینییەکانن.