دوو ئامێر لە فڕۆکەخانەی هەولێر بۆ ناسینەوەی هەڵگرانی ڤایرۆسی کۆرۆنا دانراون


رووداو - هەولێر
 
پەیامنێری رووداو رایگەیاند، بۆ گواستنەوەی رێوشوێنە تەندروستییەکانی فڕۆکەخانە بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کوردستان، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر دوو ئامیری داناوە بۆ ناسینەوەی هەڵگرانی ڤایرۆسەکە.
 
ئامێرەکان دەتوانن پلەی گەرمیی بەرزی جەستە دەستنیشانبکەن، بەمەش ناهێڵێت حاڵەتە گومانلێکراوەکان دەربازبن و پشکنینی گشتییان بۆ دەکرێت، ئەگەر دەرکەوت تووشبووی کۆرۆنان دیپۆرتی وڵاتەکانی خۆیان دەکرێنەوە.
 
 
کۆرۆنا جۆرێکی ڤایرۆسە کە تووشی شیردەرەکان و باڵندەکان دەبێت، لە 31 کانوونی یەکەمی 2019 لەلایەن چینەوە هۆشداری درایە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە بوونی چەند حاڵەتێکی تووشبوو بە نەخۆشییەکە.
 
ڤایرۆسەکە کاردەکاتە سەر کۆئەندامی هەناسە و دەبێتە هۆی کۆکەی قورس و هەناسە تووندی. تاوەکو ئێستا هیچ جۆرە پێکوتە و دژەڤایرۆسێک نەدۆزراوەتەوە کە بتوانێت بەتەواوی لەنێوی ببات، چونکە ریزبەندی بۆماوەیی بەخێرایی دەگۆڕێت.
 
تاوەکو ئێستاش تەنیا لە چین لانیکەم 41 کەس بەهۆی تووشبوون بەم ڤایرۆسە گیانیان لەدەستداوە.