ئەو چوار کەسەی لە کەرکووک تووشی کۆرۆنا بوون لە نەخۆشخانە رایانکردووە؟


رووداو - هەولێر 

ئەمڕۆ وەزارەتی تەندروستی عێراق چوار حاڵەتی تووشبوونی کۆرۆنای لە کەرکووک راگەیاند، دوای ئەوەش دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە کە ئەو تووشبووانە لە نەخۆشخانە هەڵاتبن، بەڵام بەڕێوەبەرێک لە فەرمانگەی تەندروستیی کەرکووک هەڵاتنی ئەو کەسانە رەتدەکاتەوە.  
 
بەدر محەممەد، بەڕێوەبەری یەکەی هاوئاهەنگی لە فەرمانگەی تەندروستیی کەرکووک بە رووداوی راگەیاند "هیچ کام لەو چوار کەسە رایاننەکردووە، ئەو هەواڵانەی باس لەو بابەتە دەکەن هیچ بنەمایەکیان نییە". 
 
ئەو بەڕێوەبەرە ئاماژەی بەوەشکرد، تەندروستی ئەو خێزانە جێگیرە، چواردەوری ئەو نەخۆشخانەیەی ئەو خێزانەی لێ هێڵدراونەتەوە بە هێزە ئەمنییەکان تەندراوە و هیچ رێگەیەک نییە بۆ هەڵاتنیان. بەڵام ناوی نەخۆشخانەکەی ئاشکرا نەکرد. 
 
ئەمڕۆ سێشەممە 25-02-2020 وەزارەتی تەندروستیی عێراق راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژە بەوە دەکات، ئەو خێزانە پشکنینی پزیشکییان بۆ کرا و ئەنجامی شیکارییەکان دەریخستووە کە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون.
 
بەڕێوەبەری تەندروستیی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "قاوشێک لە نەخۆشخانەی کەرکووک تایبەت کراوە بۆ جیاکردنەوەی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا تاوەکو لە نەخۆشەکانی دیکە و دەستەی پزیشکی دووربن. لە چەند کاژێری داهاتوودا بۆ شوێنێکی دیکە دەگوێزرێنەوە کە تایبەتە بە تووشبووانی ڤایرۆسەکە".
 
ئەمە لەکاتێکدایە ئەمڕۆ بە فەرمانێک نەخۆشخانەی کەی وەن تایبەت کرا بە گومانلێکراوانی تووشبوون بە کۆرۆنا. 
 
فەرمانگەی تەندروستیی کەرکووک لە راگەیێندراوێکدا داوا لە خەڵکی کەرکووک دەکات بۆ هەر پرسیار و بەدەمەوەچوونێک لەبارەی تەندروستی و حاڵەتەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەتوانن پەیوەندی بەم ژمارە تەلەفۆنانەوە بکەن:
 
07701346669 دکتۆر سەباح، بەڕێوەبەری تەندروستیی گشتیی لە فەرمانگەی تەندروستیی کەرکووک.
 
07709415431 دکتۆر منزر نەعمان، بەڕێوەبەری بەشی نەخۆشییە گوێزراوەکان لە فەرمانگەی تەندروستیی کەرکووک.
 
07717499555 دکتۆر عیزەدین، بەڕێوەبەری بەشی چاودێری تەندروستی لە فەرمانگەی تەندروستیی کەرکووک. 

 

هونەر ئەحمەد چووەتە بەردەم ماڵی ئەو چوار کەسە: