رووداو - تەندروستی
ئێوارەیە و بەهۆی قەرەباڵیی شەقامەکان لەگەڵ بانگی ئێوارە ئەگەیتە ماڵەوە، درەنگە و نازانی چی لێ بنێیت و چی بخۆیت و پەنا بۆ ئاسانترین رێگە دەبەیت و بەرگرێک داوا دەکەیت، توێژینەوەیەکی زانکۆی ئیلینۆی لە ئەمریکا لەسەر قەرەباڵخیی هاتووچۆ و رێگەکان کراوە و ئاشکرای دەکات، قەرەباڵخیی شەقامەکان وای کردووە خەڵک زیاتر خۆراکە خێراکان بخۆن.
شارەزایان هۆشداری دەدەن، خۆراکی خێرا بەهۆی بەرزیی رێژەی چەوری، شەکر، خوێ و مادە پارێزەرەکانەوە، مەترسییەکانی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی وەکو قەڵەوی، نەخۆشییەکانی دڵ، بەرزەپەستانی خوێن و شەکرە زیاد دەکات. لە کاتێکدا ژەمی ماڵەوە بە بژاردەیەکی زۆر تەندروستتر دادەنێن.
توێژەران پێیان وایە "کەمیی کات" بەهۆی قەرەباڵخییەوە، هۆکاری سەرەکی ئەم دیاردەیەیە. کاتێک خەڵک بەهۆی قەرەباڵخییەوە درەنگ دەگەنەوە ماڵەوە و هەست بە برسێتی دەکەن، کاتیان نامێنێت بۆ ئامادەکردنی ژەمێکی تەندروست و پەنا بۆ ئاسانترین رێگە دەبەن کە خواردنی خۆراکی خێرایە.
بۆیە شارەزایان پێشنیازی ئەوە دەکەن، چارەسەرکردنی کێشەی هاتووچۆ، وەکو باشترکردنی هێڵی گواستنەوەی گشتی یان رێگەدان بە کارکردن لە ماڵەوە، دەکرێت کاریگەریی ئەرێنی لەسەر هەڵبژاردنی خۆراک و تەندروستیی گشتی هەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ