سەرۆکی تەندروستی جیهانی وەڵامی قسەکانی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دەداتەوە

رووداو- دیجیتاڵ

سەرۆکی رێکخراوی تەندروستی جیهانی وەڵامی قسەکانی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دەداتەوە لەوەی کە گووتوویەتی "سەرۆکی رێکخراوی تەندروستی جیهانی لەلایەن وڵاتی چینەوە کڕدراوە" و دەڵێت، ئەم قسانە هیچ بنەمایەکیان نییە و دوورن لە راستییەوە.

رۆژنامەی لەندەن تایمز بڵاویکردووەتەوە، کە لە کۆبوونەوەی مایک پۆمپەیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەگەڵ بەرپرسانی بەریتانی باسی لەوەکردووە کە وای بۆ دەچێت د. تێدرۆس ئادهانۆم، سەرۆکی رێکخراوی تەندروستی جیهانی لەلایەن وڵاتی چینەوە پارەی پێدراوە.

د. تێدرۆس ئادهانۆم، سەرۆکی رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا وەڵامی مایک پۆمپەیۆ داوە و گوتی، "ئەم قسانە هەموویان دوورن لە راستییەوە، تاکە ئامانجی ئێمە ئەوەیە ژیانی خەڵکی رزگاربکەین و ئەم جۆرە پڕوپاگەندانە کاری ئێمە پەک ناخەن.

ئەمە یەکەمجار نییە ئەمریکا د. تێدرۆس تۆمەتبار دەکات بەوەی بەردەوام هاوکاری وڵاتی چین دەکات، پێشووتر چەندین جار سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندووە کە تەندروستی جیهانی یارمەتی چین دەدات و بەیەکەوە راستییەکان دەشارنەوە، ئەم پرسە ئەوەندە گەورە بوو کە ئەمریکا بڕیاریدا بە فەرمی لە رێکخراوی تەندروستی جیهانی بکشێتەوە.