تەندروستیی عێراق: نزیکین لەوەی پێویستیمان بە هاوردەکردنی دەرمان نەبێت
رووداو - تەندروستی
وەزارەتی تەندروستیی عێراق رایدەگەیێنێت، نزیکن لەوەی پشت بەخۆیان ببەستن لە بەرهەمهێنانی دەرماندا، بەجۆرێک ژمارەی کارگەکانی دەرمان لە 8 کارگەوە بۆ 40 کارگە بەرزبووەتەوە و ئێستا زیاتر لە 800 جۆر دەرمان لەنێوخۆدا بەرهەم دەهێنرێن، کە نزیکەی 40%ـی دەرمانە سەرەکییەکان پێکدێنێت و دەرمانی چارەسەری شێرپەنجەش لەخۆدەگرێت.
پلانی حکومەت ئەوەیە بگاتە ئاستی پشت بەخۆبەستن و نیشتیمانیکردنی پیشەسازیی دەرمان بە هاوبەشی لەگەڵ دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان. سەندیکای دەرمانسازانی عێراقیش پشتڕاستی دەکاتەوە، رێژەی پڕکردنەوەی پێداویستییەکان گەیشتووەتە 40٪ و داوای خێراترکردنی گەشەی ئەم کەرتە دەکات.
تەندروستیی عێراق جەخت دەکاتەوە لە گرنگیدان بە وەبەرهێنان لەم کەرتەدا بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە، ژمارەی داواکارییەکان بۆ دروستکردنی کارگەی دەرمان و پێداویستیی پزیشکی لە 100 داواکارییەوە بۆ 178 داواکاری تاوەکو ناوەڕاستی ساڵی 2025 بەرزبووەتەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ فراوانبوونی دەرفەتەکانی بەرهەمی نێوخۆیی.
بۆ بەرزکردنەوەی کواڵیتی، وەزارەتی تەندروستی رێنوێنیی نوێی دەرکردووە و سەندیکای دەرمانسازانیش کار بۆ ئامادەکردنی پسپۆڕی عێراقی دەکات لەڕێگەی کردنەوەی دیپلۆمێکی پیشەیی لە پیشەسازیی دەرماندا.
رێژەی دابینکردن: بەرهەمی ناوخۆیی 40%ـی لیستی دەرمانی سەرەکی لە عێراقدا پڕ دەکاتەوە.
توانای بەرهەمهێنان: زیاتر لە 800 جۆر دەرمان لە ناوخۆدا بەرهەمدەهێنرێن، لەنێویاندا دەرمانی چارەسەری شێرپەنجە و نەخۆشییە درێژخایەنەکان.
ژمارەی کارگەکان: لەنێوان 40 بۆ 48 کارگەی دەرمانسازی ئێستا کار دەکەن.
پاڵپشتیی حکومی: گرێبەستەکانی کڕینی دەرمانی ناوخۆیی لە 144 ملیار دینارەوە بۆ 600 ملیار دینار زیادی کردووە.
داهاتووی وەبەرهێنان: 178 داواکاری بۆ دامەزراندنی کارگەی نوێ تاوەکو ناوەڕاستی 2025 پێشکەشکراون.