لە ئەڵمانیا دەرمانسازان تەنیا دەرمان نافرۆشن، بەڵکو راوێژکاریشن
رووداو - تەندروستی
لە ئەڵمانیا، کە نزیکەی 17 هەزار دەرمانخانەی تێدایە، پیشەی دەرمانسازی بەشێکی گرنگ و دانەبڕاوی سیستمی تەندروستییە و رۆڵی دەرمانساز لە فرۆشتنی دەرماندا کورت ناکرێتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 25-9-2025 دکتۆر گەرمین میدیا، دەرمانساز لە ئەڵمانیا بە رووداوی راگەیاند: "لێرە گرنگییەکی تایبەت بە دەرمانساز دەدرێت و مافەکانی پارێزراوە. ئێمە تەنیا دەرمان نافرۆشین، بەڵکو کاتێک رەچەتەیەکی پزیشکی دێتە لامان، روونکردنەوەی تەواو لەسەر چۆنیەتیی بەکارهێنان و کاریگەرییە لاوەکییەکانی دەرمانەکە دەدەین بە نەخۆش."
ئەو دەرمانسازە جەختی لەسەر پاراستنی سەلامەتیی نەخۆش کردەوە و گوتی: "بۆ پاراستنی نەخۆش، بەبێ رەچەتەی پزیشک هیچ دەرمانێک نادەین."
دکتۆر گەرمین میدیا سەبارەت بە سیستمی کاریش، گوتی: "لە ئەوروپا هەموو دەرمانێک کۆدێکی تایبەتی هەیە. کاتێک کۆدەکە داخڵی سیستمی کۆمپیوتەر دەکەین، هەموو زانیارییەکی پێویستمان لەسەر دەرمانەکە پێدەدات، ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ دڵنیابوون لە کوالێتی و سەلامەتیی دەرمانەکان."