سەرۆکی سەندیکای دەرمانسازان: ناڕازین لە کردنەوەی ئەو هەموو کۆلێژە تایبەتییەی دەرمانسازی
رووداو - تەندروستی
سەرۆکی سەندیکای دەرمانسازانی کوردستان رایدەگەیێنێت، کردنەوەی ژمارەیەکی زۆری کۆلێژی دەرمانسازی لە زانکۆ تایبەتەکان و وەرگرتنی خوێندکارێکی زۆر، نیگەرانیی لای دەرمانسازان دروستکردووە و وەزارەتی خوێندنی باڵا بە بەرپرس دەزانێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە 25-9-2025 د. باریف زاهیر، سەرۆکی سەندیکای دەرمانسازانی کوردستان لە بووڵتەنی تەندروستی رایگەیاند، "ژمارەی خوێندکارانی دەرمانسازی لە کۆلێژە تایبەت و حکومییەکان زیادی کردووە، بەڵام هێشتاش کۆلێژی تایبەت دەکرێتەوە." گوتیشی، "ئێمە ناڕازین لەبەرامبەر کردنەوەی ئەو هەموو کۆلێژە تایبەتیانە و وەرگرتنی ئەو هەموو خوێندکارە."
سەبارەت بە مووچەی دەرمانسازان، د. باریف زاهیر ئاماژەی بەوە کرد، "کەسێک 5 ساڵ کۆلێژی دەرمانسازی خوێندبێت، ناکرێت بە مووچەیەکی کەم کار بکات، بۆیە سیستمێکی تایبەتمان بۆ مووچەی دەرمانسازان داناوە و نابێت مووچەیان کەم بێت."
سەرۆکی سەندیکای دەرمانسازان جەختی لەوەش کردەوە، "زۆربەی دەرمانخانەکان دەرمانسازیان هەیە و ئەو شوێنانەی دەرمانسازی تێدا نییە، بەپێی یاسا بە دەرمانخانە هەژمار ناکرێن." ئاشکراشی کرد، "کۆمەڵێک دەرمانخانە بەهۆی نەبوونی دەرمانسازەوە سزادراون."
د. باریف زاهیر، داوای لە وەزارەتی تەندروستی کرد بڕیارێک دەربکات کە تەنیا دەرمانسازان وەک نوێنەری زانستیی کۆمپانیاکانی دەرمان کار بکەن، گوتی " وەزارەتی تەندروستی کرد دەتوانێت بەیەک کاژێر ئەو بڕیارە دەربکات و چالاکی بکات.
لەبارەی دامەزراندنەوە، گوتی، "دانەمەزراندن برینێکە لە دڵی هەموو دەرمانسازان و پێویستە وەزارەتی تەندروستی هەموو دەرمانسازان دابمەزرێنێت."
چەند ئامارێک لەبارەی پیشەی دەرمانسازی لە هەرێمی کوردستان
لە هەولێر
ژمارەی دەرمانساز
2131
دەرمانخانە
858
کۆگەی دەرمان
59
لە سلێمانی
ژمارەی دەرمانساز
1722
دەرمانخانە
604
کۆگەی دەرمان
51
لە دهۆک
ژمارەی دەرمانساز
769
دەرمانخانە
408
کۆگەی دەرمان
35
کۆی گشتیی دەرمانساز، دەرمانخانە و کۆگەکان لە هەرێمی کوردستان
دەرمانساز
4622
دەرمانخانە
1870
کۆگەی دەرمان
145
**********
ژمارەی خوێندکار و دەرچوانی بەشە دەرمانسازییەکان لە زانکۆ تایبەتەکان
لە هەولێر
5 زانکۆی تایبەت بە دەرمانسازی
دەرمانساز
1894
لە سلێمانی
2 زانکۆی تایبەت بە دەرمانسازی
دەرمانساز
1044
لە دهۆک
2 زانکۆی تایبەت بە دەرمانسازی
دەرمانساز
143
کۆی گشتی
9 زانکۆی تایبەت
ژمارەی دەرمانساز
3081