کۆمپانیاکانی فایزەر و بایۆنتێك: رەنگە لە مانگی داهاتوو ڤاکسینی کۆرۆنا دروستبکەین


رووداو- هەولێر 

کۆمپانیاکانی فایزەر و بایۆنتێك رایدەگەیێنن رەنگە لە مانگی داهاتوو ڤاکسینی کۆرۆنا دروستبکەن، سەرۆکی کۆمپانیای فایزەر دەڵێت تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە بۆیان دەردەکەوێت، ئەو ڤاکسینەی کۆرۆنا کە لە بواری تاقیکردنەوەدایە سەرکەوتوو دەبێت یان نا.

ئەلبێرت بۆورلا، سەرۆکی کۆمپانیای فایزەری ئەمریکی رایدەگەیێنێت کۆمپانیاکەیان وەک یەکێك لە گەورەترین بەرهەمهێنەرەکانی جیهان، لە قۆناخی کۆتاییدایە بۆ دروستکردنی ڤاکسینێك کە لەسەر 30 هەزار کەس تاقیدەکەنەوە.

كۆمپانیای فایزەری ئەمریکی و بایۆنتێكی ئەڵمانی کە ئێستا کاردەکەن بۆ دروستکردنی ڤاکسینێكی کاریگەر لەدژی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لە هێڵی پێشەوەن لەنێو ئەو کۆمپانیایانەی هەوڵی دروستکردنی ڤاکسین دەدەن، دوو کۆمپانیاکە لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵی و وڵاتانی دیکە بودجەیان بۆ دابیندەکرێ، بۆ ئەوەی بتوانن زۆرترین بڕی ڤاکسین دروستبکەن. 

ئەلبێرت بۆورلا روونیدەکاتەوە ئەوان لە هەوڵدان بۆ ئەوەی بزانن ڤاکسینەکەیان تاچەند کاریگەر دەبێت، هەروەها چەندە سەلامەت دەبێت، بۆ ئەوەی بتوانن بەبێ مەترسیی، بۆ خەڵک بەکاریبهێنن. 

سەرۆکی کۆمپانیای فایزەر دەشڵێت ئەوان لە کۆتایی ئەم مانگە بەدواداچوونەکانیان کۆتاییدێت، ئەگەر تاوەکو هەفتەی سێیەمی مانگی داهاتوو ئەنجامەکان ئەرێنی بن، داوای پەسەندکردنی ئێمێرجنسی دەکەن بۆ بەکارهێنان لە ئەمریکا.

بەگوێرەی گوتەکانی سەرۆکی کۆمپانیا گەورەکەی بواری دەرمان، ڤاکسینەکە کە لەگەڵ کۆمپانیای بایۆنتێكی ئەڵمانی دروستدەکرێت، لە ئەوروپاش بەخێرایی بەردەستدەبێت، چونکە لە سەرەتای ئەم مانگەوە ڤاکسینەکە لەگەڵ تاقیکردنەوە لەلایەن ئاژانسی دەرمانی ئەوروپی بە بەردەوامی بەدواداچوونی بۆ دەکرێت. 

لە لایەکی دیکە کۆمپانیای کیورڤاک لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەوڵی دروستکردنی ڤاکسینێك دەدات، بەڵام پێشبڕکێی یەکەم بەرهەمهێنانی ڤاکسینی لەدەستداوە و ئێستا دەڵێن کاردەکەن بۆ ئەوەی باشترین ڤاکسین بەرهەمبهێنن. 

ماریۆلا فۆتین، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکانی کۆمپانیای کیورڤاک دەڵێت  دیارنییە کام ڤاکسین باشترین دەبێت، بەڵام کارکردنی بەردەوام و ئەنجامەکانی قۆناخی سێیەمی تاقیکردنەوەکە پێشاندەری سەلامەتی و کاریگەری دەبن.

لە جیهاندا نزیکەی 200 ڤاکسین لە قۆناخی جیاوازدا لەلایەن کۆمپانیا جیاوازەکانی وڵاتان لە تاقیکردنەوەدان، رێكخراوی تەندروستی جیهانی تاوەکو ئێستا هیچ ڤاکسینێكی بۆ بەکارهێنان پەسەندنەکردووە.