دەرمانێکی نوێ بۆ چارەسەری نیشانەکانی وەستانی هەمیشەیی سووڕی مانگانە پەسند کرا
رووداو - تەندروستی
دەستەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکا (FDA) دەرمانێکی نوێی بە ناوی لینکوێت (Lynkuet) پەسەند کرد بۆ چارەسەرکردنی نیشانەی گەرمداهاتنی لەش (hot flashes) کە بەهۆی وەستانی هەمیشەیی سووڕی مانگانەوە (menopause) دروست دەبێت.
دەرمانی لینکوێت، کە ناوی زانستییەکەی فیزۆلینێتانت (fezolinetant)ە و لەلایەن کۆمپانیای ئەستێلاس فارما (Astellas Pharma) بەرهەم هێنراوە، وەک بژاردەیەکی نوێ بۆ ئەو ملیۆنان خانمە دێتە ئاراوە کە بەدەست گەرمداهاتنی مامناوەند بۆ توندی لەشەودا دەناڵێنن، بەتایبەتی ئەو خانمانەی ناتوانن یان نایانەوێت چارەسەری هۆرمۆنی بەکاربهێنن.
بەپێی راگەیێندراوێکی دەستەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکا، پەسەندکردنی دەرمانەکە لەسەر بنەمای ئەنجامی توێژینەوە تاقیگەییەکان بووە کە دەریانخستووە لینکوێت بە شێوەیەکی بەرچاو ژمارە و توندیی حاڵەتەکانی گەرمداهاتن لەشی کەمکردووەتەوە بە بەراورد لەگەڵ ئەو کەسانەی دەرمانی پلاسیبۆیان (placebo) وەرگرتووە.
میکانیزمی کارکردنی دەرمانەکە، جیاوازە لە چارەسەرە هۆرمۆنییە باوەکان. لینکوێت کاردەکات لەسەر بلۆککردنی پڕۆتینێک لە مێشکدا بە ناوی نیورۆکینین 3 (neurokinin 3) کە رۆڵێکی سەرەکی هەیە لە رێکخستنی پلەی گەرمی لەشدا. لە قۆناخی وەستانی سووڕی مانگانەدا، بەهۆی گۆڕانی باڵانسی هۆرمۆنەکانەوە، ئەم سیستمە تێکدەچێت و دەبێتە هۆی هەستکردن بە گەرمیی لەناکاو.
لەگەڵ ئەوەشدا، دەستەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکا هۆشداریی داوە کە دەرمانەکە لەوانەیە ببێتە هۆی زیان گەیاندن بە جگەر، بۆیە پێشنیازی کردووە کە پێش دەستپێکردنی چارەسەر و لە ماوەی بەکارهێنانیدا پشکنینی خوێن بۆ چاودێریکردنی ئەنزیمەکانی جگەر ئەنجام بدرێت.