پزیشکێک داوا لە خانمان دەکات پشکنینی پێشوەختە بکەن
رووداو - تەندروستی
لە هەرێمی کوردستان هەڵمەتەکانی هۆشیارکردنەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی شێرپەنجەی مەمک لە مانگی ئۆکتۆبەردا بەردەوامن. پسپۆڕێکی شێرپەنجەش جەخت لە گرنگیی پشکنینی پێشوەختە دەکاتەوە و دەڵێت، رێژەی چاکبوونەوە لەو نەخۆشییە زۆرە.
ئەمڕۆ شەممە 25-10-2025 د. دیدار فایەق، پسپۆڕی شێرپەنجە، بە رووداوی رایگەیاند، "ئامانجمانە کۆمەڵگە هۆشیاربکەینەوە بۆ ئەوەی گرنگی بە پشکنینی پێشوەختە بدەن."
د. دیدار فایەق، داوای لە خانمان کرد کە "لە شێرپەنجەی مەمک مەترسن و پشکنینی پێشوەختەی مەمک بکەن."
هەروەها، ئەو پسپۆڕەی شێرپەنجە روونیکردەوە، "شێرپەنجەی مەمک باوترین جۆری شێرپەنجەیە و رێژەی چاکبوونەوەی زۆرە،" بەتایبەتی ئەگەر لە قۆناخە سەرەتاییەکاندا دەستنیشان بکرێت.
بەگوێرەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، شێرپەنجەی مەمک باوترین جۆری شێرپەنجەیە لەنێو خانماندا لەسەر ئاستی جیهان، مانگی ئۆکتۆبەر لەسەر ئاستی جیهان وەک مانگی "پەمەیی" ناسراوە، کە تێیدا چالاکییەکان بۆ هۆشیارکردنەوە لەبارەی شێرپەنجەی مەمک چڕدەکرێنەوە.