ئەندازیارێک پڕۆژەیەکی دیجیتاڵی بۆ کەرتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان رادەگەیێنێت

رووداو - تەندروستی

سەروەت محەممەد، ئەندازیارێکە، دیزاینی سۆفتوێر و ئەپڵیکەیشنێکی کردووە بۆ بەئەلیکترۆنیکردنی کەرتی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان، کە تێیدا هەر هاووڵاتییەک دەبێتە خاوەنی تۆمارێکی تەندروستیی دیجیتاڵی و کارئاسانی بۆ پزیشک و نەخۆش دەکات.
 
سەروەت محەممەد رایگەیاند، "سۆفتوێرێکیان دیزاین کردووە کە بۆ هەموو پزیشکێک بەردەست دەبێت و هەر هاووڵاتییەک تۆماری تەندروستییەکەی لەنێو ئەپڵیکەیشنەکەدا دەپارێزرێت."
 
بە گوتەی ئەو ئەندازیارە، یەکێک لە سوودەکانی بەرنامەکە ئەوەیە کە مێژووی پزیشکیی نەخۆشەکە لە هەموو وڵاتێک و بە زمانی جیاواز بەردەست دەبێت، ئەمەش وادەکات پشکنین و چارەسەر خێراتر و وردتر بن.
 
سەروەت محەممەد ئاماژەی بەوەش کرد، سیستمەکە یارمەتیدەر دەبێت بۆ رێکخستنی ژمارەی نەخۆشەکان لای پزیشک و گوتی، "رێکخستنی ژمارەی بینینی دکتۆر سنووردار دەکرێت، ئەمەش وا لە دکتۆرەکان دەکات پەلە لە نەخۆش نەکەن و کاتی پێویستی پێ بدەن."
 
یەکێکی دیکە لە تایبەتمەندییەکانی ئەم پرۆژەیە، پێشکێشکردنی راوێژی پزیشکییە بەشێوەی ئۆنڵاین، سەروەت محەممەد دەڵێت، "ئەو نەخۆشانەی پێویستییان بە رێنمایی کورتە، پێویست ناکات سەردانی پزیشک بکەن، بەڵکو دەتوانن لە رێگەی بەرنامەکەوە پەیوەندی بە پزیشکی پسپۆڕەوە بکەن."
 
سەبارەت بە میکانیزمی پرۆژەکە، سەروەت روونیکردەوە، "خۆی ئەندازیارە، بەڵام بە یارمەتیی تیمێکی پزیشکی ئەو بەرنامەیەی داناوە." هەروەها ئامادەیی خۆی نیشان دا بۆ هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکە و گۆڕینی کەرتی تەندروستی بۆ سیستمێکی دیجیتاڵیی سەردەمیانە.