لە نەخۆشخانەی رزگاری لە هەولێر تۆپەڵە موویەکی گەورە لە سکی کچێکی 20 ساڵ دەرهێنرا
رووداو - تەندروستی
لە نەخۆشخانەی رزگاریی فێرکاری لە هەولێر تۆپەڵە موویەکی گەورە لە سکی کچێکی 20 ساڵ دەرهێنرا.
تیمێکی پزیشکی لە نەخۆشخانەکە لە نەشتەرگەرییەکدا تۆپەڵە موویەکی گەورەیان لە گەدەی کچێکی تەمەن 20 ساڵ دەرهێنا کە بەهۆی نەخۆشییەکی دەروونییەوە قژی خۆی خواردبوو.
ئەمڕۆ سێشەممە 26-8-2025 د. فەرمان یاسین، پزیشکی نەشتەرگەریی گشتی لە نەخۆشخانەی رزگاریی فێرکاری بە رووداوی راگەیاند، "کچێکی تەمەن 20 ساڵ، کە نەخۆشیی دەروونیی شیزۆفرینیای هەبوو، بەهۆی خواردنی رێژەیەکی زۆری مووی قژییەوە تووشی ئازارێکی زۆری سک، رەقبوونی سک و رشانەوە بووبوو. دوای پشکنینەکان دەرکەوت کە تۆپەڵە موویەکی گەورە لەنێو گەدەیدا کۆبووەتەوە و بووەتە هۆی تەقینی گەدەی."
د. فەرمان یاسین ئاماژەی بەوەکرد، نەشتەرگەرییەکە نزیکەی کاژێر و نیوێکی خایاندووە و سەرکەوتوو بوو، هەروەها دەشڵێت: توانیمان تەواوی مووەکە دەربهێنین و گەدەی نەخۆشەکە چاک بکەینەوە. باری تەندروستیی جێگیرە و هەر ئەمڕۆ دەتوانێت بگەڕێتەوە ماڵەوە.
ئەو پزیشکە پسپۆڕە جەختی لەوە کردەوە، ئەو کەسانەی تووشبووی ئەم جۆرە نەخۆشییە دەروونییەن، پێویستییان بە چاودێریی بەردەوامی پزیشکی و دەروونی هەیە بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم حاڵەتە مەترسیدارە.
نەخۆشییەکە بە "تریکۆفاژیا" (Trichophagia) ناسراوە، حاڵەتێکی دەروونیی دەگمەنە کە تێیدا کەسەکە حەزێکی کۆنتڕۆڵنەکراوی بۆ راکێشان و خواردنی مووی خۆی هەیە. کاتێک ئەم مووە لە گەدەدا کۆدەبێتەوە و تۆپەڵەیەکی گەورە دروست دەکات، بە "سندرۆمی راپونزل" (Rapunzel Syndrome) ناسراوە، کە حاڵەتێکی زۆر دەگمەنترە.