خانمێک واز لە کاری دەروونناسی دەهێنێت و دەبێتە سەرپەرشتیاری شێڵتەرێکی سەگ

رووداو - تەندروستی

رەند حامید خەڵکی بەغدایە و خاوەنی شێڵتەرێکی سەگە، لەدەستدانی دایکی بەهۆی شێرپەنجەوە بووەتە هۆکار کە کارەکەی لە دەرونناسییەوە بگۆڕێت بۆ بەڕێوەبەری شێڵتەر و ئێستا چەندان سەگ لەنێو شێڵتەرەکەیدا پارێزراون.
 
ئەو دەڵێت، سەگەکەی خۆشەویستیی زۆری پێدەبەخشێت و هەر ئەمەش وایکردووە حەز بە بەخێوکردنیان بکات.
 
رەند حامد، خاوەنی شێڵتەری سەگ دەڵێت: سەگەکان باشترین چارەسەرن ئەوان لێرەن کە هەست و سۆزمان پێبدەن بەبێ ئەوەی کە داوایان لێبکەین. لە راستیدا سەگەکان هەست بەوە دەکەن کاتێک ئێمە پێویستیمان بە یارمەتییە یان کاتێک کە ئازار دەچێژین. ئێمە هۆشیاریی پێویستمان نییە لەبارەی سەگەکان و چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵیان، چونکە ئەوان هێرش ناکەن، بەڵکو بەرگری لە خۆیان دەکەن.
 
لەکاتێکدا کە سەگە ماڵییەکان خزمەتیان دەکرێت، سەگە بێلانەکان لە کۆڵانەکان بەدوای خۆراک دەگەڕێن و بوونەتە جێگەی مەترسی بۆ خەڵک. لە دوو ساڵی رابردوو تەنیا لە گەڕەکی هەولێری نوێ حەوت هەزار سەگی بێلانە کۆکراونەتەوە.
 
فەرمان فاز، سەرۆکی رێکخراوی ئاژەڵ پارێزی کوردستان دەڵێت: هەڵسوکەوتی خەڵک بەراورد بە ئێمە لەگەڵ سەگەکان گونجاو نییە، ئێمە کە دەگێک دەهێنین، دەستی بەسەردا دەهێنین و خۆشمان دەوێت، بەڵام خەڵک بە بەرد و جنێو ئازاری ئاژەڵەکان دەدەن، بۆیە پەلاماریان دەدرێت.
 
رێکخراوەکانی مافی ئاژەڵ بە جێبەجێکردنی TNR پڕۆژەی گرتن، نەزۆککرن و گەڕانەوە کە رێگەیەکی زانستی و مرۆڤانەیە تا رادەیەک ئەم مەترسییەیان کەم کردووەتەوە. 
 
د. لاڤین عەبدولوەهاب، سەرۆکی رێکخراوێکی پاراستنی ئاژەڵانە و گوتی، لەو پڕۆژەیە سەگەکان پارێزراو دەبن و تەنانەت شوێنەکانیشیان دەپارێزن و هەر ئەو سەگانەی کە لەو پڕۆژەیە دەچنە دەرەوە، ناهێڵن سەگی دیکە بێتە شوێنەکەیان. ئێمەش وەکو رێکخراوەکەمان 120 سەگمان نەزۆک کردووە.
 
لە ساڵی 2023 تائێستا تەنیا لە سنووری پارێزگای هەولێر نزیکەی 18 هەزار سەگی بێلانە کۆکراونەتەوە، نیوەیان نەشتەرگەریان بۆ کراوە و نیوەکەی دیکەشیان لە شێڵتەرەکان ماونەتەوە.