دەرمانێکی نوێ بۆ جۆرێکی بڵاوی شێرپەنجەی خوێن پەسند کرا
رووداو - تەندروستی
رێکخراوی خۆراک و دەرمانی ئەمریکا (FDA)، رەزامەندیی لەسەر بەکارهێنانی دەرمانێکی نوێی کۆمپانیای بەریتانی (GSK) بۆ چارەسەری جۆرێکی شێرپەنجەی خوێن ناسراو بە "مایلۆمای فرەوان"دا.
دەرمانی بلێنرێپ (Blenrep)، چارەسەرێکی نوێیە کە بە تێکەڵەیی لەگەڵ دوو دەرمانی دیکە بەناوەکانی "بۆرتێزۆمیب" و "دێکسامیسازۆن" بەکاردەهێنرێت. ئەم چارەسەرە بۆ ئەو کەسە پێگەیشتووانەیە کە نەخۆشییەکەیان گەڕاوەتەوە یان بەرگرییان بۆ چارەسەرەکانی پێشوو دروستکردووە، بەتایبەتی ئەوانەی کە پێشتر لانیکەم دوو جۆر چارەسەرییان وەرگرتووە.
تۆنی وود، بەرپرسی باڵای زانستی لە کۆمپانیای GSK، رایگەیاند: "رەزامەندیی ئەمڕۆی FDA بۆ دەرمانی بلێنرێپ، وەرچەرخانێکی گرنگی دیکەیە و توانای پێشکێشکردنی چارەسەرێکی کاریگەرتر، لەنێویاندا مانەوەی زیاتر لە ژیان، بە نەخۆشەکانی ئەمریکا دەبەخشێت."
رەزامەندییەکە، دوای ئەوە دێت کە دەرمانەکە لە ساڵی 2022 لە بازاڕەکانی ئەمریکا کشێنرابووەوە، چونکە لە تاقیکردنەوەیەکی کلینیکیدا شکستی هێنابوو لەوەی کە بە تەنیا کاریگەریی باشتر بێت لە چارەسەرە باوەکان. بەڵام توێژینەوە نوێیەکان دەریانخستووە کە بەکارهێنانی وەک چارەسەرێکی تێکەڵاو، مەترسیی مردن کەمدەکاتەوە و ماوەی بێ نیشانەیی نەخۆشییەکە درێژتر دەکاتەوە.
شێرپەنجەی مایڵۆمای فرەوان، سێیەم باوترین جۆری شێرپەنجەی خوێنە لە جیهاندا و ساڵانە نزیکەی 180,000 حاڵەتی نوێ لە سەرانسەری جیهاندا تۆمار دەکرێت.