پسپۆڕێک: باشتر وایە چەند گرووپێک بە زووترین کات ڤاکسینی پەتای وەرزی وەربگرن
رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی تەندروستیی گشتی رایدەگەیەنێت، لەگەڵ هاتنی وەرزی پایز و گۆڕانی کەشوهەوادا، نەخۆشییە وەرزییەکان زیاد دەکەن، بەتایبەتی لەنێو قوتابیان و ئەو کەسانەی بەرکەوتنیان لەگەڵ خەڵکدا زۆرە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 26-10-2025 د. شاهۆ عوسمان، پسپۆڕی تەندروستیی گشتی، بە رووداوی راگەیاند، "لە وەرزی پایزدا بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و کردنەوەی قوتابخانەکان، پەتای وەرزی زیاد دەکات." بە گوتەی ئەو پزیشکە، تێکەڵاوبوونی قوتابیان و هاووڵاتییان لە شوێنە گشتییەکاندا، هۆکارێکی سەرەکیی خێرا بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکانە.
بۆ خۆپاراستن لە تووشبوون بە ئەنفلۆنزای وەرزی، د. شاهۆ عوسمان، ئاماژەی بەوە کرد کە "ڤاکسینی ئینفلۆنزا لە نەخۆشخانەکاندا بەردەستە".
د. شاهۆ عوسمان، روونیکردەوە، "خانمانی دووگیان، ئەو کەسانەی تەمەنیان لە 65 ساڵ بەرەو سەرەوەیە، ئەوانەی نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە، پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی کە لەگەڵ نەخۆش بەرکەوتنیان هەیە، هەروەها ئەو کەسانەی بەرکەوتەیان لەگەڵ خەڵک زۆرە، باشتر وایە ڤاکسینەکە بەکاربهێنن."
لە کۆتاییدا، پسپۆڕەکەی تەندروستیی گشتی جەختی لەسەر گرنگیی شێوازی ژیانی تەندروست کردەوە و گوتی، "وەرزشکردن و خۆراکی تەندروست بەرگریی جەستە بەهێز دەکات." خواردنی میوە و سەوزە، خەوی پێویست و کەمکردنەوەی سترێس، رۆڵێکی گرنگیان هەیە لە بەهێزکردنی سیستەمی بەرگریی لەشدا.