لە نیوزلاند نزیکەی 100 موگناتیس لە ریخۆڵەکانی نەوجەوانێک دەردەهێندرێن

26-10-2025
بڕوا فەرهاد
A+ A-
رووداو - تەندروستی

نەخۆشخانەیەک لە نیوزلاند رایگەیاند، نەشتەرگەرییەکیان بۆ نەوجەوانێکی تەمەن 13 ساڵ کردووە و نزیکەی 100 موگناتیسان لە ریخۆڵەکانیدا دەرهێناوە، کە بەهۆیەوە بەشێک لە شانەکانی ریخۆڵەی لەناوچووبوو.
 
نەخۆشخانەی تاورانگا لە نیوزیلاندا ئاماژەی بەوەدا دوای ماوەیەک لە قوتدانی موگناتیسەکان، کچەکە تووشی ئازارێکی توندی سک و رشانەوە بووە، دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانە و ئەنجامدانی پشکنینی پزیشکی، دەرکەوت کە موگناتیسەکان لەنێو ریخۆڵەکانیدا بەیەکەوە نووساون و بوونەتە هۆی دروستبوونی چەندین کون لە کۆئەندامی هەرسیدا.
 
نەخۆشخانەکە ئاشکرای دەکات، نەشتەرگەرییەکی بەپەلەیان بۆ ئەنجامدا و سەرکەوتووانە سەرجەم 100 موگناتیسەکەیان لە سکی دەرهێنا، ئێستا باری تەندروستیی کچەکە جێگیرە و لەژێر چاودێریی پزیشکیدایە.
 
نەخۆشخانەکە هۆشداری دەداتە دایکان و باوکان لەبارەی مەترسیی ئەو جۆرە موگناتیسانە کە زۆرجار وەک یاریی منداڵان یان بۆ مەبەستی رازاندنەوە لە بازاڕە ئۆنلاینەکاندا دەفرۆشرێن. داواش دەکەن چاودێریی ئەو شتانە بکەن کە منداڵەکانیان لە رێگەی ئینتەرنێتەوە دەیکڕن بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی رووداوی هاوشێوە.
 
ئەو نەوجەوانە بۆ ئەوەی لاسایی ترێندێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی تیکتۆک بکاتەوە، موگناتیسەکانی قوتداوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە