رووداو- تەندروستی
پزیشکانی نەخۆشخانەی رزگاری لە هەولێر، توانیان دەستی منداڵێکی تەمەن 9 ساڵان لە بڕینەوە رزگار بکەن، دوای ئەوەی لە یەکێک لە باخچە ئاژەڵەکانی سنووری پارێزگاکە لەلایەن شێرێکەوە پەلامار درا.
هێوران ئەنوەر، پسپۆڕی نەشتەرگەریی دڵ و دەمارەکانی خوێن، بە رووداوی راگەیاند، منداڵەکە کاتێک گەیێندرایە نەخۆشخانە، برینێکی گەورەی لە قۆڵ و باڵیدا هەبوو، خوێنبەری سەرەکیی دەستی پچڕابوو و ئێسکی قۆڵیشی شکابوو.
سەبارەت بە نەشتەرگەرییەکە، د. هێوران ئەنوەر گوتی، "بۆ چاککردنەوەی خوێنبەرە پچڕاوەکە، دەمارێکی خوێنمان لە قاچی منداڵەکە وەرگرت و لە دەستیمان دایەوە. بەیارمەتیی هاوکارەکانمان توانیمان دەستی لە بڕینەوە رزگاربکەین."
بە گوتەی پزیشکەکەی، دۆخی تەندروستیی منداڵەکە ئێستا جێگیرە، بەڵام لەژێر چاودێریی پزیشکیدا دەمێنێتەوە تاوەکو چارەسەرەکانی تەواو دەکات.
د. هێوران ئەنوەر هۆشداری دەدات و دەڵێت، "پێویستە منداڵ لە ئاژەڵی دڕندە نزیک نەکرێتەوە. لەکاتی روودانی خوێنبەربووندا، دەبێت بە دەست یان بە پارچە پەڕۆیەکی خاوێن فشار بخرێتە سەر شوێنی برینەکە و بە زووترین کات نەخۆشەکە بگەیێندرێتە نەخۆشخانە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ