هۆکارەکانی سوورهەڵگەڕانی رەنگی میز چین؟
رووداو- هەولێر
سورهەڵگەڕانی رەنگی میز کۆمەڵێک هۆکاری هەن، هەندێ جار هۆکارەکان بێ زیانن و پێویستیان بە چارەسەر نییە و هەندێجاریش دەرخەری گرفتێکی تەندروستی جددییە کە دەبێت راوێژی پزیشکی بۆ بکرێت و چارەسەر وەربگیرێت.
سووربوونی رەنگی میز هەمیشە مانای ئەوە ناگەیەنێت کە خوێن لەنێویدایە، ئەمانە هەندێک هۆکاری سوورهەڵگەڕانی میزن:
خۆراک و دەرمان
هەندێ جۆری خۆراک هەن کە خواردنیان دەبێتەهۆی سووربوونی رەنگی میز، لەوانە چەوەندەر و بلاکبێری، هەروەها بەکارهێنانی هەندێک جۆری دەرمان وەک دەرمانی ( ریفامپیسین) .
هەوکردن
هەوکردن یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی بوونی خوێن لەنێو میزدا، هەوکردنەکە دەکرێ لە گورچیلە، بۆڕییەکانی میز یان میزڵدانەوە بێت، هەوکردنیش ئەو کاتە سەرهەڵدەدات کە بەکتریا لەرێگەی میزەڕۆوە دەگاتە میزڵدان و دواتر تەشەنەدەسەنێت بۆ گورچیلەکان، نیشانەکانی هەوکردنی کۆئەندامی میزەڕۆش بەگشتی بریتین لە ئازار لەکاتی میزکردن، زوو زوو میزکردن و میزی خوێناوی.
گەورەبوونی پرۆستات
لەو پیاوانەی تەمەنیان سەروو 45 ساڵە، یەکێک لە هۆکارەکانی بوونی خوێن لەنێو میزدا دەگەڕێتەوە بۆ گەورەبوونی پرۆستات، کە رژێنێکە لەنێوان چووک و میزڵدان هەڵکەوتووە، کاتێک رژێنەکە گەورەدەبێت پەستان دەخاتە سەر میزەڕۆ و ئەمەش دەبێتەهۆی هەوکردن و بوونی خوێن لەنێو میزدا.
شێرپەنجە
میزی خوێناوی بەتایبەت لەو کەسانەی بەتەمەنن لەوانەیە نیشانەی شێرپەنجەی گورچیلە یان میزڵدان بێت. بەڵام ئەمە هەمیشە لە قۆناخە پەرەسەندووەکانی شێرپەنجەکە دەردەکەوێت.