لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کردنەوەی نۆرینگە و سەنتەری پزیشکی سنوردار دەکرێن

رووداو - تەندروستی

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستیی سۆران رایدەگەیێنیت، كردنەوەی دەرمانخانە ،نۆرینگە و سەنتەری پزیشکی لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران سنوردار دەکرێن. 
 
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستیی سۆران ئاماژە بەوەدەکات، بۆ کردنەوەی دەرمانخانە، تاقیگەی پزیشکی، نۆرینگەی یاریدەدەری پزیشکی و سەنتەری پزیشکی دەبێت لە لایەن لیژنەی تەندروستیی بەرێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سۆران هەلسەنگاندنیان بۆ بکرێت.
 
تەندروستیی سۆران دەشڵێت، دەبێت مەرجەکانی تەندروستی، شوێنی جوگرافی و شوێنی کارکردن هەڵبسەنگێندرێن، دواتر لارینەبوون بدرێت و  لەلایەن سەندیکا پەیوەندیدارەکان مۆلەتی کارکردن بدرێت.
 
بەگوێرەی تەندروستیی سۆران، دەرکردنی ئەم بڕیارە لە پێناو کۆنتڕۆڵکردنی کوالێتی و جێبەجێکردنی رێنەماییەکانی تەندروستییە لە سنوری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.