رووداو - تەندروستی
دوای ئەوەی بەهۆی بەرکەوتنی فیشەکەوە پەنجەی هاونیشتمانییەک لە هەڵەبجە نزیکبوو لەوەی بەتەواوی لێببێتەوە، لە نەخۆشخانەی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی لە هەڵەبجە، بە نەشتەرگەری خستیانەوە جێی خۆی.
ئەمڕۆ چوارشەممە 27-8-2025 د. باوان حەمەئەمین، پسپۆڕی نەشتەرگەرییەکانی ئێسک و شکان بە رووداوی راگەیاند: دوای ئەوەی پیاوێکی تەمەن 40 بۆ 45 ساڵ بەهۆی بەرکەوتنی بە فیشکە گەیێندرایە نەخۆشخانە، پەنجەی قاچی لە شوێنی خۆی نەمابوو و تەنیا پێستێک رایگرتبوو، لە رێگەی نەشتەرگەرییەوە بە تەواوی پەنجەکەیان خستەوە شوێنی خۆی و و وەک پەنجەکانی دیکەی ئاسایی بووەتەوە و ئێستا دۆخی تەندروستیی جێگیرە.
سەبارەت بە ماوەی نەشتەرگەرییەکە، د. باوان حەمەئەمین گوتی: "دانانەوەی پەنجەیەک ئەگەر بەتەواوەتی لێنەبووبێتەوە نزیکەی یەک بۆ دوو کاژێر دەخایەنێت، بەڵام ئەگەر پەنجەکە بەتەواوی لێبووبێتەوە، نزیکەی پێنج کاژێر دەخایەنێت."
دکتۆر باوان رێنوێنیی هاونیشتمانییانیش دەکات، لەکاتی رووداوی لەم شێوەیەدا، ئەگەر ئەندامێکی جەستەیان لێبووەوە، راستەوخۆ بیخەنە نێو سەهۆڵەوە، چونکە بەم شێوەیە دەتوانرێت تاوەکو 12 کاژێر دوای رووداوەکەش بە سەرکەوتوویی بخرێتەوە شوێنی خۆی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ