رووداو - تەندروستی
کۆمەڵەیەک لە ئەمریکا، پلاستەرێکی نوێی دوو قۆناخیان بۆ زیپکە دروستکردووە کە دەرزیی بچووکی تێدایە و چارەسەرەکە راستەوخۆ دەگەیێنێتە ژێر پێست و زیپکەکە لە ماوەی حەوت رۆژدا نامێنێت.
پلاستەرەکە لەلایەن کۆمەڵەی کیمیایی ئەمریکییەوە دروست کراوە کە پلاستەرێکە ریزێک دەرزیی زۆر بچووکی تێدایە، چینی دەرەوەی پێست دەبڕێت و پێکهاتە دژە بەکتریا و دژە هەوکردنەکان دەگەیێنێتە ژێر پێست و شێ و چەوریی زیادەی پێست هەڵدەمژێت.
کۆمەڵەکە ئاشکرای دەکات پڵاستەرەکە لە ترشی هایالۆرۆنیک دروستکراوە، کە پێکهاتەیەکی باوی بواری جوانکارییە، لەگەڵ ماددەی دژە بەکتریا وەک ترشی سالیسیلیک و دژە هەوکردن وەک نیاسینامید و گوڵەبەڕۆژە.
کۆمەڵەکە ئاماژە بەوەدەکات تاقیکردنەوە لەسەر ژمارەیەک بەشداربوو ئەنجامدراوە، دوای سێ رۆژ، بەشداربووان تێبینیی کەمبوونەوەی 81%ی زیپکەکانیان کرد و دوای حەوت رۆژ، تەنانەت شوێنی زیپکە چارەسەرکراوەکان بە تەواوی نەمابوون.
کۆمەڵەکەی کیمیایی ئەمریکی پلانیان هەیە پلاستەرە نوێیەکە لە پاییزی 2025 لە هەردوو وڵاتی کۆریای باشوور و ئەمریکا بەردەست بکەن. هەروەها، ئەم تەکنەلۆژیایە دەکرێت بۆ گەیاندنی چارەسەریی دیکەش بەکاربهێنرێت، وەک چارەسەری نەخۆشییەکانی پێست، قەڵەوی و گەیاندنی پێکوتە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ