پسپۆڕێکی پێست: شەکر زیاتر رێخۆشکەرە بۆ دروستبوونی زیپکە بەراورد بە چەوری
رووداو - تەندروستی
پزیشکێکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی پێست رایدەگەیێنێت، ئەو خۆراکانەی رێژەیەکی زۆر شەکر و کاربۆهیدراتیان تێدایە، کاریگەریی بەرچاویان لەسەر دەرکەوتنی زیپکەی دەموچاو هەیە و دەڵێت، "کاریگەریی شەکر بۆ دروستبوونی زیپکە لە چەوری زیاترە."
ئەمڕۆ شەممە 27-9-2025 د. سێنەر تاڵەبانی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی پێست لە بوڵتەنی تەندروستی رایگەیاند، ""کاریگەریی شەکر بۆ دروستبوونی زیپکە لە چەوری زیاترە، گوشاری دەروونی و قەڵەقی کاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر زیپکە هەیە"
سەبارەت بە زیانەکانی تەقاندنی زیپکە، د. سێنەر تاڵەبانی هۆشداری دەدات و دەڵێت، "تەقاندنی زیپکە شوێنەواری زیپکە و چاڵ لەسەر پێست دروستدەکات، بۆیە دەبێت دووربین لە تەقاندنی زیپکە."
ئەو پسپۆڕەی پێست جەخت لەوە دەکاتەوە کە زیپکە تەنیا نەخۆشییەکی هەرزەکاری نییە و پێویستە سەردانی پزیشک بکرێت بۆ وەرگرتنی چارەسەری گونجاو. دەشڵێت، "باشتر وایە لەبری بەکارهێنانی هەویری ددان، سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکرێت بۆ ئەوەی لە شێوەی زیپکەکە تێبگەن و چارەسەری پێویست وەربگرن."
لە کۆتاییدا، د. سێنەر تاڵەبانی ئامۆژگاریی هاونیشتمانیان دەکات کە کرێمی پێست لە شوێنی ناباوەڕپێکراو نەکڕن و تەنیا لەو شوێنانە بیکڕن کە متمانەپێکراون.