تەندروستیی هەڵەبجە: بەشێک لە بەرکەوتووانی کیمیایی ناسنامەیان نییە
رووداو - تەندروستی
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەڵەبجە رایدەگەیێنێت، بەشێک لە بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی لە پارێزگاکە ناسنامەی فەرمییان نییە و داوای پێکهێنانی لیژنەیەکی تایبەت دەکات بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخیان. هاوکات ئاشکرای دەکات، بەهۆی زۆریی تێچووی کارەباوە، ژمارەیەک لە بەرکەوتووان ناتوانن ئەو ئامێری ئۆکسجینە بەکاربهێنن کە بۆیان دابینکراوە.
د. ئازاد مستەفا، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەڵەبجە، لە لێدوانێکدا رایگەیاند، "کۆمەڵێک بەرکەوتووی چەکی کیمیایی شوناسیان نییە، داوادەکەم لیژنەیەکی تایبەت پێکبهێندرێت و هەڵسەنگاندنیان بۆ بکات، بۆ ئەوەی ئەوانیش شووناس و هەوییەی تایبەتییان هەبێت."
سەبارەت بە دابینکردنی پێداویستیی پزیشکی بۆ بەرکەوتووان، د. ئازاد مستەفا ئاماژەی بەوەدا کە بە هاوکاریی ئەڵمانیا و فەرەنسا ئامێری بەرهەمهێنانی ئۆکسجینیان بۆ نەخۆشخانەکان کڕیوە و ئەو ئامێرانە بۆ ماڵەکانیشیان دەبەن.
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەڵەبجە، داوای کرد کارەبای 24 کاژێریی بێبەرامبەر بۆ ئەو بەرکەوتووانە دابین بکرێت کە ئامێرەکەیان پێویستە و گوتی، "داوادەکەم چۆن پێشتر ئەو ماڵانەی ئامێرەکەیان پێویست بوو کارەبای 24 کاژێریی بێبەرامبەریان هەبوو، ئێستاش بەهەمان شێوە کارەبایان بۆ بکرێتە بێبەرامبەر، چونکە زۆرێک لە بەرکەوتووان لە ترسی زۆریی پارەی کارەبا، ئامێرەکە بەکارناهێنن."