پسپۆڕێکی مێشک و دەمار لە سلێمانی ''دۆخی تەندروستیی ناجێگیرە و لە کۆمادایە''
رووداو - تەندروستی
د. دیار نەجیب، پسپۆڕی ناسراوی نەخۆشییەکانی مێشک و دەمار لە شاری سلێمانی، ماوەی چەند رۆژێکە دۆخی تەندروستیی تێکچووە و لە کۆمادایە.
ژینۆ ئەحمەد، هاوژینی د. دیار نەجیب، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ماوەی 25 رۆژ بوو د. دیار ئازاری ملی هەبوو، دوای ئەنجامدانی پشکنین دەرکەوت کە بڕبڕەی پشتی تووشی ئازار بووە و پزیشکان پێیان راگەیاند کە پێویستی بە نەشتەرگەرییە."
هاوژینەکەی دەڵێت، دوای دوو کاژێر لە نەشتەرگەرییەکەی، د. دیار نەجیب چووەتە کۆماوە و لەوکاتەوە بێهۆشە.
بە گوتەی ژینۆ ئەحمەد، هاوژینەکەی لە نەخۆشخانەی ئەنوەر شێخە لە بەشی چاودێریی وردە و پزیشکان پێیان گوتوون کە دەبێت چاوەڕێ بکەن، چونکە دۆخی تەندروستیی وەکو خۆیەتی و گۆڕانکاریی بەسەردا نەهاتووە.
یەکێک لە پزیشکانی هاوڕێی د. دیار نەجیب کە لە نزیکەوە ئاگای لە دۆخی تەندروستییەتی بە رووداوی گوت، ''دوای ئەوەی نەشتەرگەری بۆ د. دیار کرا، دڵی لە لێدان وەستا و بە سینگە دڵەبووژاندنەوە ژیانی بۆ گەڕایەوە"
ئەو پزیشکە ئاماژەی بەوەکرد، ''د. دیار ئێستا لە کۆمادایە و چاوەڕێی گەڕانەوەین''.