عێراق هەڵمەتێکی نوێ بۆ کۆنتڕۆڵکردنی تای خوێنبەربوون رادەگەیێنێت

28-08-2025
بڕوا فەرهاد
A+ A-
رووداو - تەندروستی

وەزارەتی تەندروستیی عێراق هەڵمەتەک بۆ کۆنتڕۆڵكردنی تای خوێنبەربوون رادەگەیێنێت، لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە دەستپێدەکات و ئامانج لێی لەنێوبردنی گەنە و مێرووی گوازەرەوەی نەخۆشییەکەیە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی تەندروستیی عێراق، هەڵمەتەکە لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە دەستپێدەکات و بەشێوەیەکی سەرەکی جەخت دەکاتە سەر رشاندنی دەرمانی گەنەبڕ لەو ناوچانەی کە مەترسیی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکەیان لێدەکرێت، بەتایبەتی لە کێڵگە پەلەوەری و ئاژەڵدارییەکاندا. 
 
سەیف بەدر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق رایگەیاند، "ئەم هەڵمەتە وەڵامێکە بۆ زیادبوونی ژمارەی تووشبووان لەم دواییانەدا. تیمەکانمان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە وەزارەتی کشتوکاڵ و فەرمانگە ڤێتێرنەرییەکان کاردەکەن بۆ دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی."
 
سەیف بەدر دەڵێت "جگە لە رشاندن، هەڵمەتەکە چاودێریکردنی جووڵەی ئاژەڵ لەنێوان پارێزگاکاندا لەخۆدەگرێت، بەتایبەتی لەو ناوچانەی کە حاڵەتی تووشبوونیان تێدا تۆمار کراوە''.
 
بەپێی ئامارەکانی تەندروستیی عێراق، لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە و کەرکووک 12 تووشبوو تۆمارکراون و 5 کەسیان گیانیان لەدەستداوە.
 
زۆرترین تووشبوون و گیانلەدەستدان لە باشووری کوردستان لە کەرکووک بووە؛ 5 کەس تووشی نەخۆشییەکە بوون و 4 کەسیان گیانیان لەدەستداوە.
 
نوێترین زانیاری لەسەر تووشبووانی تای خوێنبەربوون لە هەرێمی کوردستان
 
رۆژی چوارشەممە 27-8-2025 د. بەختیار ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی خۆپاراستن لە تەندروستیی دهۆک بە رووداوی راگەیاند، تیمەکانیان بەردەوامن لە بەدواداچوون و پشکنینی ئەوانەی مامەڵەیان لەگەڵ ئاژەڵ و گۆشتەکەیدا هەیە و چەندان تووشبووی تای خوێنبەربوون لە سنووری دهۆک لە بەغداوە پشتڕاست کراونەتەوە، بەڵام لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە رانەگەیێندراون. {زانیاریی زیاتر}.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کاتی چالاکییەکە. وێنە: AP

لە کۆسۆڤۆ بە شێوەیەکی جیاواز پاڵپشتیی منداڵانی نەخۆش دەکرێت

لە نەخۆشخانەیەکی منداڵان لە شاری پریستینای کۆماری کۆسۆڤۆ چەند خۆبەخشێک جلوبەرگی پاڵەوانانی نێو فیلمەکانیان پۆشیوە و چوونەتە نەخۆشخانەکە، ئەوان دەیانەوێت ببنە خەمڕەوێنی منداڵە نەخۆشەکان.