توێژینەوەیەک لە هیندستان: سەیرکردنی وێنەی هاوبەشی ژیانت، ئازار کەم دەکاتەوە
رووداو - تەندروستی
بەپێی توێژینەوەیەک لە هیندستان، تەنیا سەیرکردنی وێنەی هاوبەشی ژیانت یان خۆشەویستەکەت دەتوانێت وەکو ئازارشکێنێکی سرووشتی کاربکات و ئازاری جەستە کەم بکاتەوە. ئەمە بۆیە هەندێک لە خۆشەویستەکانیش بە یەک دەڵێن ''تۆ دەرمانی منی''.
توێژینەوەکە لەلایەن پزیشکێکەوە لە کۆلێژی پزیشکیی کریستیان (CMC) لە ڤیلۆری هیندستان کراوە و دەریخستووە، تەنیا سەیرکردنی وێنەی هاوبەشی ژیانت یان خۆشەویستەکەت دەتوانێت کاریگەرییەکی بەرچاوی لە کەمکردنەوەی هەستکردن بە ئازاری جەستەیی هەبێت. نهێنییەکە لەوەدایە کە ئەم کارە "سیستمی پاداشت" لە مێشکدا چالاک دەکات و دەبێتە هۆی دەردانی هۆڕمۆنەکانی وەکو دۆپامین (هۆڕمۆنی چێژ) و ئۆکسیتۆسین (هۆڕمۆنی خۆشەویستی).
ئەم هۆڕمۆنانە پێکەوە هەستی ئارامی و ئاسوودەیی دروست دەکەن، وەک ئازارشکێنێکی سرووشتی کار دەکەن و بەرگەی مرۆڤ بۆ ئازار زیاد دەکەن. پسپۆڕان جەخت دەکەنەوە کە ئەمە پڕۆسەیەکی بایۆلۆژیی راستەقینەیە نەک تەنیا کاریگەرییەکی دەروونی.
هەرچەندە ئەمە جێگرەوەی چارەسەری پزیشکی نییە بۆ ئازارە تووندەکان، بەڵام دەتوانێت وەک ئامرازێکی یارمەتیدەری بەهێز و بێ زیانی لاوەکی بۆ ئازارە سووک و مامناوەندەکان بەکاربهێنرێت.