نەخۆشخانەیەک پێشنیاز دەکات شۆفێرانی دلیڤەری بەکاربهێنرێن بۆ فریاکەوتنی خێرای جەڵتەی دڵ
رووداو - تەندروستی
نەخۆشخانەی تایپە لە تایوان پێشنیاز دەکات شۆفێرانی گەیاندنی خۆراک ئامێری شۆکی کارەبایی دڵ بگەیێنن بەمەش دەکرێت رێژەی رزگاربوون سێ هەندە زیاد بکات.
لە هەنگاوێکی نوێدا کە دەکرێت شێوازی فریاگوزاریی سەرەتایی بگۆڕێت، نەخۆشخانەی تایپە پێشنیازی بەکارهێنانی تۆڕێکی فراوانی شۆفێرانی گەیاندنی خۆراک (دلیڤەری) دەکات بۆ گەیاندنی خێرای ئامێری شۆکی کارەبایی (AED) بەو کەسانەی تووشی جەڵتەی دڵ دەبن، ئەم ستراتیژییە دەتوانێت کاتی وەڵامدانەوەی فریاگوزاری بەشێوەیەکی بەرچاو کەم بکاتەوە.
بیرۆکەکە چۆن کاردەکات؟
کاتێک پەیوەندیی فریاگوزاری (911) بۆ حاڵەتێکی راوەستانی دڵ تۆمار دەکرێت، سیستمەکە نزیکترین شۆفێری دلیڤەری ئاگادار دەکاتەوە و رێنمایی دەکات بەرەو شوێنی نەخۆشەکە بۆ ئەوەی ئامێریی شۆکی کارەبای دڵ AED بگەیێنن.
نەخۆشخانەکە بە بەکارهێنانی چەند ئامارێک، مۆدێلێکی کۆمپیوتەرییان دروستکرد. ئەنجامەکان سەرسووڕهێنەر بوون؛
کاتی گەیشتنی شۆفێری دلیڤەری: گەیشتنیان کەمتر بوو لە 3 خولەک.
کاتی گەیشتنی ئەمبوڵانس: گەیشتنی تیمەکانی فریاگوزاری زیاتر بوو لە 10 خولەک.
کەمکردنەوەی کاتی وەڵامدانەوە بەم رادەیە دەتوانێت رێژەی رزگاربوونی ئەو کەسانەی لە دەرەوەی نەخۆشخانە تووشی جەڵتەی دڵ دەبن، نزیکەی سێ هێندە زیاد بکات.
لە کاتی راوەستانی دڵ، هەموو خولەکێک گرنگە. دواکەوتنی چارەسەر بۆ هەر خولەکێک، چانسی رزگاربوون بە رێژەی 10٪ کەم دەکاتەوە. زۆرجار ئەمبوڵانسەکان بەهۆی قەرەباڵخی و دووریی رێگاوە ناتوانن بە خێرایی پێویست بگەنە شوێنی رووداو.
دکتۆر کوان چێن پسپۆڕی فریاگوزاری لە نەخۆشخانەی تایپە لە تایوان پزیشکی لە کۆلێژی و سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە، ستایشی ئەم بیرۆکەیە دەکات و دەڵێت: "ئەمە رێگەیەکی تەواو نوێیە بۆ بیرکردنەوە لە فریاکەوتنی جەڵتەی دڵ. بەکارهێنانی تۆڕێکی بەردەست و خێرا وەک شۆفێرانی دلیڤەری، دەتوانێت گۆڕانکارییەکی گەورە دروست بکات."
ئامێری AED بە شێوەیەک دیزاین کراوە، کەسانی ئاساییش بتوانن بە ئاسانی بەکاریبهێنن، چونکە ئامێرەکە خۆی رێنمایی دەنگی دەدات بۆ هەنگاوەکانی بەکارهێنان.