وەزیری تەندروستی: بەهۆی بۆردوومانەکانی ئێران 9 کەس گیانیان لەدەستداوە و 32 کەسیش بریندارن
رووداو دیجیتاڵ
دوای بۆردوومانی هێزە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی کورستان لە هەرێمی کوردستان لە لایەن ئێرانەوە، وەزیری تەندروستی رایگەیاند، نەخۆشخانەکان ئامادەکارییان بۆ پێشوازی لە بریندارەکان کردووە و بەگوێرەی ئامارەکان، 9 کەس گیانیان لەدەستداوە و 32 کەسیش بریندار بوون.
رۆژی چوارشەممە 28-9-2022، د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، دوای هێرش بۆ سەر حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، تیمە فریاگوزارییەکانیان رەوانەی ئەو شوێنانە کردووە کە کراونەتە ئامانج، بەتایبەت لە کۆیە.
وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا لەگەڵ ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە میدیاکانی راگەیاند، ژمارەی گیانلەدەستدان بۆ 9 کەس بەرزبووەتەوە و هەروەها 32 کەسیش بەهۆی بۆردوومانەکانەوە بریندارن.
پێشتر وەزارەتی تەندروستی راگەیێندراوێکی بڵاوکردبووەوە کە ئاماژەی بە 14 بریندار و چوار گیانلەدەستدان لە کۆیە و 10 بریندرا و سێ گیانلەدەستدانیش لە پردێ کردبوو.
لە کەمپی ئازادی لە نزیک قەزای کۆیە کە شوێنی مانەوەی ژن و منداڵەکانی ئەندامانی حیزبی دیموکراتە، بەهۆی بۆردوومانەکەوە ژنێکی دووگیان برینداربووە و دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەکانی کۆیە منداڵەکەی لەبارچووە. هەروەها بەهۆی ناجێگیریی دۆخی تەندروستییەوە ئەو ژنە بۆ نەخۆشخانەکانی هەولێر گواستراوەتەوە.
ئەو تیمانەی رەوانەی ئەو شوێنانە کراون ژمارەیەک ئەمبوڵانس و پزیشکی پسپۆڕ و پێداویستیی سەرەتایی و چەند جۆرێک خوێنیان لەگەڵ خۆیان بردووە.
سامان بەرزنجی گوتی، لە بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانیش تیمەکانی فریاکەوتن و ئەمبوڵانس رەوانەی زڕگوێز کراون کە هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی تێدایە و کراوەتە ئامانج.
وەزیری تەندروستی گوتیشی، بریندارەکان ئێستا لە قۆناخی چارەسەری سەرەتاییدان؛ ئاماژەی بەوەشکرد، وەکو تەندروستییەکانی هەولێر و سلێمانی ئامادەکارییان بۆ پێشوازی لە بریندارەکان کردووە.