لە ئەمریکا سەگەکان دەبرێنە فێرگەیەک
رووداو - تەندروستی
ماوەیەکە دیاردەیەکی نوێ و دڵخۆشکەر لە جیهانی ئاژەڵاندا سەریهەڵداوە ئەویش "دایەنگا" یان ناوەندی چاودێریی رۆژانەی سەگە، بیرۆکەکە بە شێوەیەکە، پاسێکی تایبەت هەموو بەیانییەک بەدوای سەگەکاندا دەگەڕێت و لە بەردەم ماڵی خۆیاندا هەڵیان دەگرێت.
ئەوەی کە زۆر سەرنجڕاکێشە، ئەو جۆش و خرۆشە بێسنوورەیە کە سەگەکان هەیانە، کاتێک چاوەڕێی گەیشتنی پاسەکە دەکەن. بە بینینی هاوڕێکانیان، بە پەرۆشییەوە باز دەدەنە ناو پاسەکە و گەشتێکی پڕ لە خۆشی دەستپێدەکەن.
پاسەکە دەیانبات بۆ شوێنێکی دیاریکراو، وەک دەشتێکی کراوە یان پارکێکی تایبەت کە پڕە لە یاری. لەوێ، سەگەکان هەست بە ئازای دەکەن و لەگەڵ یەکدیدا یاری دەکەن، بەدوای تۆپدا رادەکەن، و هاوڕێیەتیی نوێ و بەهێز دروست دەکەن. ئەم ناوەندانە تەنها شوێنی یاری نین، بەڵکو بوونەتە کۆمەڵگەیەکی بچووک بۆ ئەم ئاژەڵانە، رۆژانە ڤیدیۆی نوێ و جۆش و خرۆشی سەگەکان لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاو دەکەنەوە و تەنانەت هەندێکیان ئاهەنگی رۆژی لەدایکبوون بۆ سەگەکان رێک دەخەن، بە کڵاوی رۆژی لەدایکبوونەوە وێنەیان دەگرن لەگەڵ هاوڕێکانیاندا.
ئەم بیرۆکەیە کە وەک خەونێک وایە بۆ خاوەن سەگەکان، بەتایبەت ئەو خاوەن سەگانەی کە کاریان هەیە و نەچار بوون سەگەکانیان بەتانیا لە ماڵەوە جێبهیڵن، ئەم بیرۆکەیە لە چەندین شوێنی جیهاندا بووەتە راستییەکی سەرکەوتوو. یەکێک لە نموونە زیندووەکان، چیرۆکی هۆپ مێلبێرگـە لە ویلایەتی ویسکۆنسن، کە خاوەنی پڕۆژەی K9 Konvoyـە. چیرۆکی هۆپ لە حەزێکی سادەوە دەستیپێکرد، کاتێک بۆ کەمکردنەوەی سترێسی رۆژانەی، سەگەکانی خۆی و خێزانەکەی بە سەیارەکەی خۆی دەبرد بۆ پیاسە.
وردە وردە، ناوبانگی بڵاوبووەوە و داواکاری لەسەر زیاد بوو. لە ساڵی 2023دا، هۆپ هەنگاوێکی بوێرانەی نا و وازی لە کارە حکومییەکەی هێنا، پاسێکی تایبەتی کڕی و بە فەرمی کارەکەی دەستپێکرد. ئێستا پاسەکەی رۆژانە زیاتر لە 20 سەگ دەگوازێتەوە بۆ پارکێکی فراوانی تایبەت، کە هۆپ دەڵێت؛ لەوێ ڕێگە دەدرێت سەگەکان، سەگ بن، و ئازادن لە یاری و گەڕان.
بەم شێوەیە، گەشتێکی رۆژانەی پاسێک بووەتە سەرچاوەی خۆشی بۆ دەیان سەگ و خاوەنەکانیان.