رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی نوێ لەسەر ماریا برانیاس، پیرترین مرۆڤی جیهان دەریخستووە کە نهێنیی تەمەندرێژیی ئەو پەیوەندیی بە بۆماوە تایبەتەکانی و جۆری ئەو بەکتریایانەوە هەیە کە لە کۆئەندامی هەرسیدا دەژین.
زانکۆی بارسێلۆنە لە ئیسپانیا بۆ ماوەیەکی درێژە لێکۆڵینەویان لەسەر دۆخی تەندروستیی ماریا برانیاس مۆریرا کرد، کە لە 4ی 3ی 1907 لەدایکبووە. زانکۆکە بۆی دەرکەوتووە کە جەستەی ئەو توانایەکی نائاسایی هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییە درێژخایەنەکانی پەیوەست بە پیری، وەک نەخۆشییەکانی دڵ و شێرپەنجە.
زانکۆی بارسێلۆنە لە ئیسپانیا دەریخستووە کە مایکرۆبایۆم (کۆی بەکتریا و میکرۆبەکانی نێو گەدە)ی ئەو خانمە بەتەمەنە زۆر جیاواز و تەندروستە. ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ هەرسکردنی خۆراک و پاراستنی جەستەی لە هەوکردن، کە دوو هۆکاری سەرەکین بۆ مانەوە بە تەندروستییەکی باشەوە لە تەمەنێکی زۆردا.
دکتۆر مانێل ئیستێلەر سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە لە زانکۆی بارسێلۆنە دەڵێت، "جینەکانی برانیاس یارمەتیی چاککردنەوەی خانە زیانلێکەوتووەکانی دەدەن و سیستمی بەرگریی لەشی بە بەهێزی دەهێڵنەوە."
ئەم دۆزینەوانە دەتوانن رێگای نوێ لەبەردەم زانستدا بکەنەوە بۆ گەشەپێدانی چارەسەری نوێ بۆ هێواشکردنەوەی پرۆسەی پیربوون و چارەسەرکردنی ئەو نەخۆشییانەی کە لەگەڵ تەمەندا زیاد دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ