رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی نەخۆشییە مرۆژەڵییەکان رایدەگەیێنێت، لە هەرێمی کوردستان بەهۆی زیادبوونی ژمارەی سەگی بێلانەوە، حاڵەتەکانی تووشبوون بە نەخۆشیی هاری زیادیکردووە و دەڵێت، "تەنیا لەڕێگەی شێڵتەرەکانەوە دەتوانرێت ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت."
ئەمڕۆ یەکشەممە 28-9-2025 د. عوسمان جەمال، پسپۆڕی نەخۆشییە مرۆژەڵییەکان لە بووڵتەنی تەندروستی رایگەیاند، بۆ رووبەڕووبوونەوەی نەخۆشیی هاری، پێویستە لەکاتی گەستنی سەگدا کەسەکە نەترسێت و نەشڵەژێت، چونکە تەنیا 5% بۆ 10%ـی سەگەکان هەڵگری ڤایرۆسی هارین.
سەبارەت بە رێکارەکانی دوای گەستن، د. عوسمان جەمال گوتی، "شووشتنی شوێنی برینەکە تاوەکو دەگەیتە نەخۆشخانە زۆر گرنگە و پێویستە بە زووترین کات سەردانی نەخۆشخانە بکرێت." هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، شوێنی گەستنەکە گرنگە، بۆ نموونە ئەگەر لە پەلەکان بێت مەترسییەکەی کەمترە وەک لەوەی لە مل بێت.
ئەو پسپۆڕی مرۆژەڵییەکان داوا لە شارەوانی و رێکخراوەکانی مافی ئاژەڵان دەکات کە "یەکبگرن بۆ ئەوەی خزمەت بە سەگە بێلانەکان بکەن لە شێڵتەرەکاندا." هاوکات هۆشداری دەداتە هاونیشتمانییان و دەڵێت، "پێویستە هاونیشتمانییان دووربن لە بەخێوکردنی سەگی بێلانە، چونکە مەترسیدارە."
د. عوسمان جەمال، ئاماژەی بەوەشکرد کە نەخۆشیی زەردووییش لە سەگی بێلانەدا هەیە و دەکرێت بۆ مرۆڤ و ئاژەڵەکانی دیکە بگوازرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ