رووداو - تەندروستی
بەرپرسێکی باڵای تەندروستیی سعودیە رایدەگەیێنێت، وڵاتەکەی گۆڕانکارییەکی ستراتیژی لە فەلسەفەی چاودێریی تەندروستیدا دەکات و سیستمی تەندروستی لە گرنگیدان بە چارەسەرکردنی نەخۆشییەوە دەگۆڕێت بۆ پێشگیری و خۆپارێزی.
د. ماجد فەیاز، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری نەخۆشخانە و سەنتەری توێژینەوەی شا فەیسەڵی لە گوتارێکدا لە پێشانگەی تەندروستیی جیهانی 2025 لە ریاز رایگەیاند، چاودێریی ماڵەوە و پەیوەندیی دیجیتاڵی، نەخۆشەکان بە دامەزراوە تەندروستییەکانەوە لە هەموو ئاستەکاندا دەبەستنەوە.
بە گوتەی د. فەیاز، یەکخستنی دیجیتاڵی بووەتە تایبەتمەندییەکی دیاری گۆڕانکارییە نیشتمانییەکە. وەک نموونە، ئاماژەی بە "نەخۆشخانەی نیشتمانیی ڤێرچواڵ" کرد کە 130 نەخۆشخانە بەیەکەوە دەبەستێتەوە و ساڵانە زیاتر لە 400 هەزار سەردان لە رێگەیەوە ئەنجام دەدرێت، ئەمەش بووەتە مۆدێلێک بۆ فراوانکردنی دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییەکان.
د. ماجد فەیاز، ئاماژەی بەوەشکرد، گۆڕانکاریی بەردەوام پشت بە ژێرخانێکی بەهێز دەبەستێت کە نەخۆشخانە، تەکنەلۆژیا و سەرمایەی مرۆیی لەخۆدەگرێت و زیاتر لە 80 هەزار قەرەوێڵەی نەخۆشخانە و وەبەرهێنانێکی تەندروستی بە بەهای زیاتر لە 32 ملیار ریاڵی سعودی لە سەرتاسەری وڵاتدا پاڵپشتی دەکات.
لەبارەی داهێنانەکانی نەخۆشخانەکەیانەوە، د. فەیاز ئاماژەی بە چەندین نەشتەرگەریی پێشەنگ کرد کە بۆ یەکەمجار لە جیهاندا بە رۆبۆت ئەنجامدراون، لەوانە چاندنی دڵ، نەشتەرگەریی مێشک و دەمار کە پێناسەی پزیشکیی وردبینیان گۆڕیوە و بوونەتە هۆی خێرا چاکبوونەوەی نەخۆشەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ