WHO: باج لەسەر خواردنەوە کحولییەکان زیاد بکرێت
رووداو - تەندروستی
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، لە راپۆرتێکی نوێدا ئامارێکی مەترسیداری لەسەر زیانەکانی خواردنەوەی کحول لە یەکێتیی ئەوروپا بڵاوکردەوە و داوای گرتنەبەری رێکاری بەپەلە دەکات بۆ سنووردارکردنی.
بەپێی راپۆرتەکەی WHO، تەنها لە ساڵی 2020دا لە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا، 111 هەزار و 300 کەس بەهۆی نەخۆشییەکانی پەیوەست بە خواردنەوەی کحولەوە تووشی نەخۆشی بوون. هەر لەو ساڵەدا، نزیکەی 93 هەزار کەس بەهەمان هۆکارەوە گیانیان لەدەستداوە.
رێکخراوەکە هۆشداری دەدات کە خواردنەوەی کحول هۆکارێکی سەرەکییە بۆ تووشبوون بە لانیکەم حەوت جۆری شێرپەنجە، لەوانەش شێرپەنجەی مەمک و کۆڵۆن.
لەبەر رۆشنایی ئەم ئامارانەدا، رێکخراوی تەندروستیی جیهانی داوا لە وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا دەکات کە باجی سەر خواردنەوە کحولییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد بکەن.
WHO ئاماژەبەوە دەکات نابێت چیتر لە کولتووری ئەوروپیدا خواردنەوەی کحول وەک بابەتێکی ئاسایی سەیر بکرێت،" داوای کرد کە کار بکرێت بۆ گۆڕینی ئەو تێڕوانینە کۆمەڵایەتییە.